كەمپینێك دژی بەتایبەتكردنی كەرتی تەندروستی راگەیەنرا
ژمارەیەك پزیشكو رۆژنامەنوس دژی بەتایبەتكردنی كەرتی تەندروستی كەمپینێكیان رایگەیاند داوا لە "هەموو خاوەن ویژدانێك" دەكەن پشتگیرییان بكەن.
لە "راگەیەنراوی یەكەم"دا دامەزرێنەرانی كەمپینەكە دەڵێن "مەبەست لەم کەمپینە داکۆکیکردنە لە مافی هاونیشتیمانییان بە گەیشتن بە خزمەتی تەندروستیی بەخۆڕایی".
دەقی راگەیەنراوەكە:
کەمپینی ''تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نییە''
ڕاگەیاندراوی یەکەم
ئێمە وەکو ژمارەیەک لە پزیشک و ڕۆژنامەنووس لەڕێی ئەم بڵاوکراوەوە کەمپینی "تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نییە” ڕادەگەیەنین.
مەبەست لەم کەمپینە داکۆکیکردنە لە مافی هاونیشتیمانییان بە گەیشتن بە خزمەتی تەندروستیی بەخۆڕایی.
دەستەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان لەڕێی وەزارەتی تەندروستییەوە ماوەیەکە پیلان و بەرنامە دادەڕێژێت بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی تەندروستیی. ئەم پیلانە بەئاشکرا لەلایەن خودی سەرۆکی حکومەتەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت. بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستییش بەحەماسەتێکی کەموێنەوە دەستیانداوەتە خۆ-ئامادەکردن بۆ هەڕاجکردن و هەرزانفرۆشکردنی ئەوەی کە ماوەتەوە لە کەرتی گشتیی تەندروستیی.
دەستەڵاتداران قەیرانێکی ئابوریی دروستکراوی دەستی خۆیان کردوەتە بیانو بۆ ئەم بەتایبەتکردنەی کەرتی تەندروستیی کە دژە بە قانون و مافی وڵاتییانی هەرێمی کوردستان. ئێمە تەندروستیی بەخۆڕایی بە مافێک دەزانین کە بەتایبەتکردنی بە تاوانێک دەزانین دژ بە وڵاتییانی هەرێم و مافەکانی مرۆڤ.
دەستەڵاتداران و دارودەستەکانیان لەناو وەزارەتی تەندروستیی بەم کارەیان دو قازانجی سەرەکیی دەکەن؛ لە لایەکەوە خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی بنەڕەتیی هەر حکومەتێک کە دابینکردنی خزمەتی تەندروستییە دەدزنەوە، لە لایەکی تریشەوە دەیانەوێت بزنسەکانیان لە کەرتی تایبەت لەسەر حیسابی نەخۆشکەوتنی خەڵک ئەوەندەی تر قازانجی دارایی بکەن. لەم نێوەنەدا خەڵکی کەمدەرامەت و بێموچەی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکیی دەبێت و لەپاڵ کارەبا و ئاو و نەوت و خۆڵ و خاشاک دەبێ پارەی دەرمان و نەشتەرگەریش لە گیرفانە بەتاڵەکانیان دابینکەن و لە بەرامبەردا گیرفانی سیاسییەکان و بازرگانە تەندروستییەکانیش ئەوەندەی تر قوڵتر و گەرمتر ببێ. ئێمە لەپاڵ ئەوەیدا کە دژایەتییەکی توندی بەتایبەتکردنی کەرتی تەندروستیی دەکەین، بە هەمان شێوەش خەبات دەکەین لەپێناو چاکسازییەکی بنەڕەتیی لە سیستەمی تەندروستییدا بە جۆرێک کە هیچ وڵاتییەکی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە سەردانکردنی عیادە و نەخۆخشانەی تایبەت و دەرەوەی کوردستان نەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەریی نەخۆشیی. بەدڵنیاییش ئەگەر گەندەڵیی بنبڕ بکرێت و حکومەت و وەزارەتی تەندروستی بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن، ئەوە زۆر ئاسانە.
ئێمە لێرەوە داوا لە هەمو خاوەن ویژدانێک دەکەین کە پشتگیری لەم کەمپینە بکات. داواتان لێ دەکەین کە هاوکار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ناحەقییانەی بەرامبەر بە خەڵک دەکرێ و با بەیەکەوە لە داکۆکیکردن لە مافێکی سەرەتایی هەمو مرۆڤێک کە مافی ژیان و تەندروستییە دەستپێبکەین.
کەمپینی ``تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە``
٠٠٤٤٧٥٨٤٨٦٧٦٢٣
PM:02:10:25/01/2017