دەرماڵەیەكی تایبەتی فەرمانبەرانی وەزارەتێك خەرج دەكرێت

پاش كۆتایی هەڵمەتی كوتان دژی ئیفلجی منداڵان وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند دەرماڵەی تایبەتی ئەو كارمەندانەی ئەو ئەركەیان كێشاوە خەرج دەكرێت.

خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە، 2017/1/26، كۆتا رۆژی ھەڵمەتی كوتانە لە دژی ئیفلیجی منداڵان كە ماوەی پێنج رۆژە بەردەوامە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كارمەندانەی كە ئەو ئەركەیان لە ئەستۆدا بووە، بۆ ھەر رۆژێك بڕی ١٠ دۆلاریان بۆ خەرج دەكرێت و چاوەروانیش دەكرێت دوای كۆتایھاتنی ھەڵمەتەكە پارەكەیان پێبدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیەی بۆ كارمەندانی ئەو تیمانە خەرج دەكرێت، لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیھانەوە دابین دەكرێت، بۆیە پێویستی بەكات ھەیە تا ئەوكاتەی بڕە پارەكە دەگاتە ھەرێمی كوردستان.

خاڵس قادر رەتیشیكردەوە كە وەزارەتی تەندروستی رادەستی كەرتی تایبەت بكرێتو وتی: بەھیچ شێوەیەك نادرێتە كەرتی تایبەت و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی لەكەرتی گشتیدا دەمێنێتەوە.




PM:03:35:26/01/2017