لەناو شاری هەولێر شەوی رابردوو نزیك كاتژمێر 11 وتارخوێنی مزگەوتی سەیداوە، مەحمود عوسمان کوژرا، ئەمڕۆش تەرمی ئەو مامۆستا ئاینییە لەو شارە بەخاك سپێردرا.
میدیاکانی نزیک بزووتنەوەی ئیسلامی ئاشکرای دەکەن شەوی رابردوو نزیك كاتژمێر 11 لەكاتی گەڕانەوەی مامۆستا محمود عوسمان وتارخوێنی مزگەوتی سەیداوە بۆ ماڵەوە، تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت و لەبەردەم ماڵکەی خۆیدا گیان لەدەستدەدات.
مەحمود عوسمان پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەیداوە خوێندكاری دكتۆرایە لەزانكۆی بنگول لەوڵاتی توركیا.
ئەمە دووەم مامۆستای ئاینیە لە هەولێر دەکوژرێت، شەوی ٢٢ی تشرینی دووەم چەند چەکدارێک دەستڕیژی گوللـەیان لە هۆشیار ئیسماعیل مامۆستا و بانگخوازی ئاینی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کردو دوای گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.