وەزارەتی کارەبا باس لە زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا رونكردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە بە گۆڕانکاری لە کەشوھەوادا، گۆڕانکاری بەسەر دابەشکردنی کارەبادا دێت، چونکە ڕێژەی بەرھەمھێنانی کارەبا جێگیرە.

لەمبارەیەوە ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە: "بە پێی پێشبینییەکان لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، گۆڕانکاری دەکرێت لە ڕێژەی ئەو کارەبایەی بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، ھەروەھا بۆ ماوەی 12 کاتژمێر زیاد دەبێت، چونکە ڕاستەوخۆ بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەکارھێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە".

بەوتەی ناوبراو "ڕێژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستاندا جێگیرە، کە ڕێژەکەی دوو ھەزار و  600مێگاواتە، ناتوانرێت ئەو ڕێژەیەش بەھۆی قەیرانی داراییەوە زیاد بکرێت".

بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ھەموو ئەو دەنگۆیانەی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان لەسەر زیادبوونی بەرھەمھێنانی کارەبا دەکرێن، ڕەتی دەکەینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆرترین خواست لەسەر کارەبا شەش ھەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 ھەزار ھاوبەشی کارەبامان ھەیە، سەرەڕای ئەوەی کە 20 مێگاوات کارەبامان بۆ پارێزگای مووسڵ دابین کرووە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر کارەبای ھەرێمی کوردستان دروست کردووە".




PM:02:45:04/02/2017