بەم شێوازە پارەی زبڵو خاشاك لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت
بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە پارە زبڵ و خاشاك لەگەڵ پارەی مۆلیدە ئەهلیەكان لەهاوڵاتیان كۆبكرێتەوە كە بڕی پارەكەی بۆ گەڕەكەكان جیاواز دەبێت.
لەمبارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە دوارۆژی وتوە "لە سنوری پارێزگای هەولێر لە سەری ئەم مانگەوە لەگەڵ كۆكردنەوەی پارەی كرێی مۆلیدە ئەهلییەكان پارەی زبڵ و خاشاكیش كۆدەكرێتەوە".
قایمقامی هەولێر بە وەكالەت وتیشی "لە گەڕەكە زەنگینەكان بری پێنج هەزار دینارو لە گەڕەكە هەژار نشینەكان سێ هەزار دینار لەبەرامبەر فڕێدانی زبڵ و خاشاك لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت".
هاوكات قارەمان بەرزنجی، سەرۆكی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر روونیكردەوە "كۆكردنەوەی پارەی زبڵ و خاشاك بەپێی وەسڵێكی تایبەت دەبێت كە بڕی پارەكەی تێدا دیاریكراوەو بۆ ئەو گەڕەكانەی كە دانیشتووانەكەی باری داراییان باشە لەسەر وەسڵەكە بڕی پێنج هەزار دینار نوسراوەو بۆ گەڕەكە هەژارەكانیش بە هەمان شێوە لەسەر وەسڵەكە بڕی سێ هەزار دینار نوسراوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "هیچ كەسێك ناتوانێ پارەی زیاتر لە هاوڵاتیان وەربگرێت، چونكە بەپێی سنووری شارەوانییەكان بڕی پارەكەش دیاری كراوە".
PM:02:33:14/02/2017