"یەكێتی نیشتمانی پۆستەكانی گۆڕان وەردەگرێتەوە"
یەكێتی هەوڵدەدات لە رێگەی لیژنەیەكی هاوبەش كە نوێنەری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی دەكات، ئەو پۆستانەی بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی و تائێستا وەرنەگیراون وەربگیرێتەوە.
لەبارەی كاری ئەو لیژنە هاوبەشەوە، لەتیف شێخ عومەر ئەندامی سەركردایەتی و نوێنەری یەكێتی بە رادیۆی نەوای راگەیاند، لە دوا كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕاندا بڕیاریانداوە بە دروستكرنی لیژنەیەكی دیكەی هاوبەش بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، كە كاردەكات بۆ وەرگرتنی پاشماوەی ئەو پۆستانەی بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی و تائێستا وەری نەگرتون.
وتیشی "كارێكی تری لیژنەكەمان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانە لەسەرئاستی سلێمانی و دەوروبەری و چارەسەركردنی هەر كێشەیەكی ئیداری و سیاسییە بە دەمودەستی بەبێ ئەوەی لێكەوتەی تری لێبكەوێتەوە. لەبەرئەوە هەموو شت لەپێناو ئەوەدایە بارودۆخێكی ئارام لە سلێمانی دروستبكەین و بگاتە ئەوەی دڵنیایی بداتە هەموو هاووڵاتیان و زەمینەخۆشبكەین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تر".
لەكۆتاییدا نوێنەری یەكێتی راشیگەیاند، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە كە یەكێتی بۆ رێكخستنەوەی ماڵی كوردی بە هاوكاری لایەنەكان ئەنجامی دەدات و پێویستە رێككەوتن و سازان هەبێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم لایەنەكانی دیكەش.
PM:01:45:19/02/2017