"یەكێتی لە هەفتەیەکدا دەبێ بڕیاربدات لەنێوان پارتی و گۆڕاندا كامیان هەڵدەبژێرێت"

کادیرێکی راگەیاندکاری پارتی ئاشکرای دەکات کە یەکێتی یەک هەفتەی ماوە لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت، ئەگەر نا ئەوا یەکێتی دەبێتە حزیبی ناوچەکانی سلێمانی.

لە وتارێکدا رێبوار کەریم وەلی کادیری راگەیاندکاری پارتی بە ناونیشانی"یەکێتی تەنها یەک هەفتەی دی ماوە" کە لە ماڵپەڕی رووداو بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت" كاسەی سەبری پارتی بەرامبەر یەكێتی، لێی رژاوە. یەكێتی لە هەولێر شەریكی حوكمە، لە سلێمانی هاوشانی گۆڕان ئۆپۆزیسیۆنە و لە بەغداش لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانی مالیكییە!".

رێبوار کەریم وەلی نووسیویەتی " بەشی هەرە زۆری سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی پارتی ئیتر لەو گەمە و پەتپەتێنەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی باش تێگەیشتوون و ئومێدیان پێ نەماوە. چونكە خودی بارزانی پشتیوانیی تەواوی هەوڵەكانی پاڤڵ تاڵەبانیی كرد و جێگری سكرتێری گشتی، كۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرباری هەموو ناڕەزایەتییەكانی ناوەندی بڕیاری یەكێتی، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی كرد. بەس لەپێناو ئەوەی كە یەكێتی بتوانێ خۆی ساغ بكاتەوە، بەڵام دیسان هەمان تاس و حەمامی جارانە". 

ئەو نووسەرە دەشڵێت" بۆیە پارتی تا كۆتایی ئەم مانگە چاوەڕێی دوابڕیاری یەكێتی دەكات. پارتی چیدیكە ئەوەی پێ تەحەممول ناكرێ كە یەكێتی لەژێر پەردەی تەوافوق و هاوسەنگیدا، گەمەی كات لەگەڵ پارتیدا بكات. چونكە باش دەزانێ پارتی تازە گۆڕانی قبوڵ نییە و بەردەوامبوونی یەكێتی لەسەر ئەو سیاسەتە وادەكات پارتی لە یەكی ئازاری ئەمساڵەوە هەندێك رێوشوێنی دیكە بگرێتەبەر و سەرەتای ئەوانەش لە هەولێرەوە دەستپێدەكات. ئینجا شۆڕدەبێتەوە بۆ زۆر رێكاری دیكە كە تاوەکو ئێستا پارتی لەبەر حورمەتی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی پەنای بۆ نەبردوون".




AM:10:05:20/02/2017