وادەی دابەشکردنی دەرماڵەی مامۆستایان راگەیەندرا

بڕیاره‌ سبه‌ی ٢/٢٨ ده‌رماڵه‌ی هاندان به‌سه‌ر مامۆستایانی سنووری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه‌ دابه‌ش بكرێت، به‌پێی زانیارییه‌كانیش، مامۆستایانی گرێبه‌ست له‌ ده‌رماڵه‌كه‌ سوودمه‌ند ده‌بن.

یوسف ناوده‌شتی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی ڕانیه‌، له‌ لێدوانێكدا به‌ (باسنیوز) ی راگه‌یاند  " سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن ( قوتابخانه‌ ، خوێندنگا ، باخچه‌ی منداڵان ، خوێندنی ئیسلامی ) له‌سنووری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه‌، ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سبه‌بینێ سێشه‌ممه‌ 28/2/2017 سه‌ردانی به‌شی ژمێریاری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه‌ بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی پاره‌ی هاندانی مانگی 12 ی ساڵی 2016 ".

 لە درێژەی لێدوانەکەیدا ناوبراو وتی" بۆ وه‌رگرتنی ده‌رماڵه‌كه‌، پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌ر یان یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی خوێندنه‌كه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ ئاماده‌بێت، كه‌ هه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌ش پاره‌كه‌ی پێده‌درێت و نانێردرێته‌ بانك".

ئاتشكرای كرد، كه‌ ده‌رماڵه‌كه‌ مامۆستایانی گرێبه‌ستیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، چه‌كی پاره‌ بۆ ئه‌وانیش كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی زۆره‌وه‌، پێدانی ده‌رماڵه‌كه‌ به‌وان هاوشێوه‌ی مووچه‌ی مانگانه‌، دوو رۆژێك ده‌كه‌وێته‌ دوای مامۆستایانی هه‌میشه‌یی.

 ده‌رماڵه‌ی هاندان كه‌ به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ مامۆستایان بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ ماوه‌ی 6 مانگ خه‌رج ده‌كرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی بۆ مامۆستایانی ناوه‌ندی پارێزگا و شاره‌كان، (100) هه‌زار دینار و بۆ مامۆستایانی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگا و شاره‌كانیش (150) هه‌زار دیناره‌.





PM:10:44:27/02/2017