قوباد تاڵەبانی: گەرمیانیانە شانمان داوەتە بەر قەیرانەكان
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، لە سەرجەم سێكتەرەكاندا بە نەوتیشەوە دەستیان بە چاكسازی راستەقینە كردووە و، تاوەكو سەركەوتن كۆڵنادەن.
رۆژی سێشەممە 28-2-2017، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی چل و حەوتەمین ساڵیادی بەقەزاکردنی کەلاردا سەردانی شارەكەی كرد و گوتارێكی پێشكەشكرد.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، کەلار مێژوویەکی پڕ لە نەبەردی و سەروەریی تۆماركردووە و تێكەڵە لەگەڵ چیرۆكی نەبەردی و نەسرەوتن تا سەركەوتن. گوتیشی "حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هەموو ناوچەکان دەکات و ئاوەدانی بەردەوامدەبێت، دوای ئەو پێشنیازانانەی بەڕێز قائیمقام پێشكەشی كردن، ئینشاڵڵا هەواڵی خۆشمان پێدەبێ".
هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی تەوەرێكی گوتارەكەی قوباد تاڵەبانی بوو و لەمبارەیەوە رایگەیاند "لە سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەتدا دەستمان بە چاکسازی راستەقینە کردووە. چاکسازیمان لە وەزارەتەکانی دارایی، کارەبا، کاروباری کۆمەڵایەتی و كەرتی نەوتدا کردووە".
لەبارەی چاكسازیكردن لە كەرتی نەوت قوباد تاڵەبانی گوتی "هەوڵی شەفافتركردن و وردبینیكردنی تەواوی كەرتی نەوت و گازمان داوە، تاوەكو بتوانین ئەو گومانانەی لەسەر كەرتەكە هەن، بیانڕەوێنینەوە".
لەبارەی چارەسەركردنی قەیرانەكانیش جێگری سەرۆكوەزیران گوتی "سێ ساڵێ ناخۆشمان تێپەڕاند، بەڵام لە گەرمای هاوین بێزار نەبووین و لە بەرپرسیارێتی رامان نەكرد، گەرمیانیانە شانماندایە بەر قەیرانەكان، ئێستا خەریكە بەرهەمی هەوڵەكانمان ئەنجامی ئەرێنی دەبێت، بەڵام هێشتا دەرباز نەبووینە لە مەترسییەكان، بۆیە كۆڵنادەین تاوەكو سەردەكەوین".
AM:11:27:28/02/2017