جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەمەودوا مووچەی وارسی شەھیدان لەوادەی خۆیدا و بەبێ ھیچ پاشەکەوتێک دەدرێت".
قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و مووچەی ئەو توێژە چەند بڕیارێک دەدات.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت "لەمەودوا مووچەی وارسی شەھیدان لەوادەی خۆیدا و بەبێ ھیچ پاشەکەوتێک دەدرێت. ھەروەھا دابینکردنی زەوی بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون".
رۆژی سێشەممە 28-2-2017 قوباد تاڵەبانی سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كەسوکاری بەشێك لە شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان لە قەزای كفری، بەڵێنیداوە لەمەودوا مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەكاتی خۆیدا و مانگانە بەبێ پاشەكەوت دابەشبكرێت.