"نرخی بەنزین بەرزتر دەبێتەوە"

سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند نرخی بەنزین گرانبونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.

دکتۆر غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی وزە وسەرچاوە سروشتیەکان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "گرانبونی نرخی بەنزین بەھیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر نرخی نەوتی سپی نابێت".
هەر لەو لێدوانەدا وتوشییەتی "بۆ لەمەودوا نرخی نەوت بەھۆی کەم بەکارھێنانیەوە ھەرزانتر دەبێت، گرانبونی نرخی بەنزینیش لەسەر ھاوڵاتیان، حکومەت و وەزارەتی سامانەسروشتیەکان لێی بەرپرسیارن".
ئاشکراشی کردووە"تائێستا ئەوەش یەکلانەکراوەتەوە کە ئاخۆ  پاڵاوتگەکانیش ھۆکارن لەگرانکردنی ئەو نرخە یاخود نا، جگەلەوەش گرفت لەھاتنی بەنزینی بازرگانی بۆ پارێزگای سلێمانی نییەو بڕی بەنزینی پێویست ڕۆژانە دەگاتە بەنزینخانەکان".
جەختدەکاتەوە جگەلەوەی تاڕادەیەک نرخی سوتەمەنی لەبۆرسەی جیھاندا گرانبوە کە ئەوەش ھۆکارێکە، بەڵام لەئێستادا نزمبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیان بوە، تاڕادەیەک نرخی بەنزین بەرزبونەوەی بەخۆوە نەبینیوە، بەڵام ئەگەر نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی بەرزبێتەوە، ئەوا نرخی بەنزین گرانتر دەکرێت".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتوویەتی:"بەوپێیەی بازرگانەکان بەنزین بەدۆلار دەکڕن و دواتر بەدینار دەدرێتە ھاوڵاتیانی ھەرێم و ئەوەش دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی نرخەکەی لەسەر شۆفێران".




PM:10:44:10/03/2017