حیزبێكی سیاسی نوێ لە هەرێم دروست دەكرێت
ژمارەیەك كادری دیاری حیزبە ئیسلامییەكان بەتایبەت یەكگرتوو و كۆمەڵ كە لەحیزبەكانیان نیگەرانن، هەوڵ بۆ دروستكردنی حیزبێكی نوێی ئیسلامی دەدەن.
ئەبوبەكر كاروانی، كاندیدی پێشووی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو و ئەندامی سەركردایەتی پێشووی ئەو حیزبە كە وەك یەكێك لەو كەسانە ناوی بڵاوكراوتەوە كە بەنیازن حیزبێكی نوێی ئیسلامی دروست بكەن بە سپی راگەیاند: ئەو بەشێك نیە لەو حیزبە نوێیەو بەڵام لە رووی فیكرییەوە دەشێت هاوكارییان بكات.
كاروانی جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو باوەڕی بەم جۆرە كاركردنە حیزبی ئیسلامی نیەو پێداگری لەسەر كاركردن بە فۆرمێكی جیاواز دەكات بۆ حیزبە ئیسلامییەكان.
هاوكات محەمەد رەئوف، سەرکردەی دیاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ـی راگەیاندووە، کە رۆژی 9.4.2017، حزبە ئیسلامییەکان کۆ دەبنەوە و ئەویش پرۆژەیەکی بۆ یەکگرتنەوەی حزبە ئیسلامییەکان پێشکەش کردووە، بەڵام لە ئەگەری سەرنەكەوتنی ئەو پرۆژەیەدا بەدیلی دیكەیان دەبێتو ئاماژە بۆ دروستكردنی حیزبێكی نوێ دەكات كە وەك خۆی دەڵێت هەندێ هاوبیری خۆی تێیدایە وەك ئەبوبەکر کاروانی و ئارام قادر، کە پشتگیریی دەکەن بۆ دروستکردنی حزبێکی ئیسلامی.
PM:02:41:14/03/2017