لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڤیدیۆیی خانمێکی
کورد بڵاوکرایەوە کە دەگری و مێردەکەشی دەیەوێت بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆییە وەک
دەڵێن "بیشکێنێت و سوکایەتی پێ بکات".
لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە ماوەکەی نزیکەی یەک
خولەک و نیوە تێیدا ژن و پیاوێک دەردەکەون کە وەک پیاوەکە باسی دەکات ماوەیەکی
کەمە هاوسەرگیرییان کردووە، ئەو پیاوە دەڵێت "حەوت جار لەگەڵ ژنەکەم خەوتووم
بەڵام خوێنی لێ نایەت (مەبەستی نەبوونی پەردەی کچێنییە)". هەروەها هەڕەشەی
کوشتن لەو ژنە دەکات.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە کاردانەوەی زۆری بە
دوای خۆیدا هێناو زۆرینەی ئەوانەی بڵاویانکردووەتەوە، باس لە "قێزەونی و
ناشرینی"ی کارەکە دەکەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوە بۆچوونێکی
پیاوسالارانەی دواکەوتوانەیە.
هاوکات سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ
لە کوردستان لە فەیسبووکی خۆیەوە داوایکرد کە هەرکەس زانیاری لەسەر ئەو کەسانەی
ناو ڤیدیۆکە هەیە زانیاری بداتێ لەو بارەیەوە.
بە گوێرەی هەندێک زانیاریش ئەو ڤیدیۆییە
مێژووەکەی بۆ ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و لە شاری زاخۆ ڕووداوەکە ڕوویداوە.
بەشێکی زۆری پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە
مەرج نییە خانمێک کە لە شەوی هاوسەرگیریدا "پەردەی کچێنی نەدڕا و خوێنی لێ
نەهات، ئەوا پێشتر سێکسی کردبێت، بەڵکو هەندێک جۆری پەردە هەیە تا کاتی ئەوەی کە
خانمەکە منداڵی ببێت نادڕێت".
ئەمە جگە لەوەی بەشیک لەوانەی کە دژایەتی ئەو
گرتە ڤیدیۆییە دەکەن پێیان وایە پاساوی پەردەی کچێنی، بۆچوونێکی کۆنەپەرستانەیە و
ئەو بابەتە بەهای نییە و ناکرێت هیچ خانمێک لەسەر نەبوونی پەردەی کچێنی سوکایەتی
پێ بکرێت و هەروەها هەڕەشە و توندوتیژی بەرامبەر بنوێنرێت.
سپی وەک کارێکی میدیایی و بۆ پاراستنی مافی
ئەو خانمە دەمووچاوی شاردووەتەوە.