وادەی کۆتایی هاتنی باران بارین لە بەهاردا ڕاگەیەندرا

دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عیراق پێشبینی كەش و هەوای ڕاگەیاند و بە گوێرەی پێشبینییەکە ئەمڕۆ دواین ڕۆژ دەبێت کە باران لە ناوەندی پارێزگاکان ببارێت و بە گوێرەی پێشبینی ماڵپەڕێکی تایبەتیش ئەمە دواین باران بارینی بەهار دەبێت

دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە " ڕۆژی دوو شەممە عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەونە ژێر كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەك و بەوهۆیەوە ئاسمان هەور دەبێت".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ڕوونیشیکردووەتەوە "بارانێكی مام ناوەند دەبارێت و هەندێك جاریش هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت و پلەكانی گەرماش كەمێك نزم دەبنەوە".

ئاماژە بەوەش دەکات"كە ڕۆژانی سێ‌ شەممە و چوار شەممە، بەرزە پاڵەپەستۆیەكی توركیا هەڵدەكاتە سەر سەرجەم ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و لەو دوو ڕۆژەدا ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی چەند پەڵە هەورێك و پلەكانی گەرماش بەراورد بە ڕۆژانی پێشتر بەرزدەبێتەوە".

سەبارەت بە پێنجشەممە و هەینیش، کەشناسی عێراق ۆێشبینی دەکات" كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی توركیا كەمدەبێتەوە، بەڵام نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای سور هەڵدەكاتە سەر ناوچەكان و ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری باران بارینێكی كەم هەیە لە چەند ناوچەیەك لە كاتەكانی دوانیوەڕۆدا".

هاوکات ماڵپەڕی accuweather پێشبینی دەکات کە جگە لە ئەمڕۆ ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە باران دەبارێت و دوای ٢٣ مانگ تا مانگی پایز هیچ بارانێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان نابارێت.




PM:04:33:03/04/2017