پاره‌ی تواناسازی ره‌وانه‌ی زانكۆكانی ده‌ره‌وه كرا
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی یه‌كه‌مین قۆناغی شایسته داراییه‌كانی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌سیستمی بانكی ڕه‌وانه‌ی زانكۆی (ڤال پارسیۆ) كرد، كه ژماره‌یه‌ك خوێندكاری تواناسازی تێدا ده‌خوێنن.
دوای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی، ئه‌مڕۆ 5-4-2017، له دیوانی لیژنه‌ی دابه‌شكردنی شایسته داراییه‌كانی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌سه‌رۆكایه‌تی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خۆی سازدا.
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، لیژنه‌كه ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی (446885) دۆلار بۆ (17) خوێندكاری كورد كه له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی تواناسازی له زانكۆی (ڤال پارسیۆ) له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌خوێنن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌ر ئه‌مڕۆ بڕی ئه‌و پاره‌یه بۆ یه‌كه‌مین جار له ڕێگه‌ی سستمی بانكیه‌وه ڕه‌وانه‌ی ڕه‌وانه‌ی زانكۆی (ڤال پارسیۆ) له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا كرا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره خوێندكاره‌ی كه له‌و زانكۆیه ده‌خوێنن.
لیژنه‌ی خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی خوێندكاران به‌سه‌رۆكایه‌تی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له ڕۆژانی داهاتودا له كۆبونه‌وه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی شایسته داراییه‌كانی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی له ته‌واوی زانكۆكانی جیهان كه تێدا ده‌خوێنن خه‌رج بكات.
له 6-3-2017، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌پڕۆسه‌ی خوێندندان، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش به سێ جار و، هه‌ر مانگه‌ی بڕی (10) ملیۆن دۆلار دێته سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان.
PM:03:22:05/04/2017