خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە بنەماڵەی سام ئاغا

وەزارەتی پەروەردە لەشاری سلێمانی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە بنەماڵەی سام ئاغا لەبەرامبەر ئەو خزمەتەی بە كەرتی پەروەردەیان كردوە، بڕیاریشە لەسەر ئەركی بنەماڵەکە قوتابخانەیەكی (12) پۆلی لەگەڕەكی قڕگە دروست بكرێت كە نزیكەی (600) هەزار دۆلاری تێدەچێت.

هاوكات لەلایەن خوشكێكی جەلالی سام ئاغاوە یەكەیەكی نیشتەجێبون پێشكەش بە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی كرا.

لەدرێژەی خزمەت و پرۆژەكانیان بۆ شاری سلێمانی، بنەماڵەی سام ئاغا بڕیاریاندا دو پرۆژە پێشكەش بە كەرتی پەروەردە و نەوەی داهاتو بكەن، بەئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی بنەماڵەی سام ئاغا و چەند كەسایەتیەكی شاری سلێمانی، لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەوە خەڵاتی رێزلێنان پێشكەش بەبنەماڵەکە كرا لەبەرامبەر ئەو خزمەتەی لە رابردو ئێستادا پێشكەش بەكەرتی پەروەردەیان كردوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن خوشكێكی جەلالی سام ئاغا یەكەیەكی نیشتەجێبون پێشكەش بە پەروەردەی سلێمانی كرا كە بەهاكەی نزیكەی (130) هەزار دۆلارە.

هەروەک بنەماڵەی جەلالی سام ئاغا بڕیاریانداوە قوتابخانەیەكی (12) پۆلی لەسەر ئەركی خۆیان لە گەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی دروست بکەن تێچوەكەی نزیكەی (600) هەزار دۆلارە.

كەسایەتیەكانی شاری سلێمانی رۆڵی بنەماڵەی سام ئاغا و جەلالی سام ئاغا لەخزمەت كردن بەخاك و نیشتیمان بەرز دەنرخێنن چ لە ئەركی وەزیفی و چ لەهاوكاریی كردنی كەرتی تەندروستی و پەروەردە.

جەلالی سام ئاغا یەكێكە لە كەسایەتیە دیارەكانی بنەماڵەی سام ئاغا، ئەو جگە لەوەی لەئەركی وەزیفیدا پیاوێكی دڵسۆز و راستگۆ و دەستپاك بوە، هاوكات قەڵایەكیش بوە بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و لەماوەی هەشت ساڵ كاركردنی وەك سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی دەیان بەرپرسی داوەتە دادگا و دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاندوەتەوە.

پێشتریش جەلالی سام ئاغا خانوەكەی خۆی بەخشییە كەرتی تەندروستی و زەویەكیشی فرۆشتوە و ساڵانە قازانجی پارەكەی لەبانكدا دەداتە (20) كارمەند و خانمی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی.



AM:01:17:19/04/2017