ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەرجی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ریفراندۆم ئاشکرا دەکات و دەڵێت " ئەوان جەخت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن".
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە،"لەكۆبوونەوەكەی دوێنێدا بەڕاشكاوی ھەڵوێستی خۆمان بە برادەرانی پارتی وتووە كە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین".
سەبارەت بەرازیكردنی گۆڕان بۆ بەشداریكردنی لەكۆمیتەی ھاوبەشی لایەنەكان بۆ ریفراندۆم، وتی" وەكو یەكێتی پێمانباشە ھەموولایەنەكان بەشداری ئەو كۆمیتەیە بكەن، لەكۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕانیش جەخت لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان كراوە، بۆیە یەكێك لەھەنگاوەكانی رازیكردنی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەو كۆمیتەیە، كاراكردنەوەی پەرلەمان دەبێت".
وتیشی: "وەكو یەكێتی باسی ئەوەمان كردووە كە كاراكردنەوەی پەرلەمان گرنگەو ریفراندۆمیش مەسەلەیەكە ھەموو لایەنەكان پشتیوانی لێدەكەن".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئاشكرایكرد" لەكۆبوونەوەكەدا نەچووینەتە وردەكاری چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەڵام لیژنەیەك پێكدەھێنرێت بۆگفتوگۆكردن لەسەر بژاردەكان".
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی بارزانی رۆژی ٢٣ ی نیسان لە پیرمام بەڕێوەچوو.