وەزارەتی پێشمەرگە: پەكەكە هۆكاری بۆردومانەكەی توركیایە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و هۆكاری هێرشی توركیا بۆ سەر شەنگال بۆ بوونی پەكەكە لەو ناوچەیە دەگێڕێتەوە و ڕایدەگەیەنێت "بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا قابیلی قبوڵ نییە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 25ی نیسان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بۆردوومانكردنی چیای شنگال لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بڵاوكردەوە و تیایدا هۆكاری بۆردومانەكەی توركیا دەگێڕێتەوە بۆ بوونی گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچەیە و دەڵێت "ئەم كێشە و گرفتانە هەمووی لە ئەنجامی هەبوونی پەكەكەیە و لەو ناوچەیە بوونیشیان سەرئێشە و گرفتی بۆ خەڵكی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان ناوەتەوە و سەرباری ئەوەی  لەهەموو لایەكەوە داوایان لێكراوە كە چیای شنگال چۆڵ بكەن، بەڵام گوێیان بۆ كەس نەگرتووە".
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە پەكەكە دەكات هێزەكانی لە چیای شنگال و دەوروبەری بكشێنێتەوە و دەڵێت "دوادەكەین چیتر پەكەكە نەبنە مایەی نا سەقامگیری و قووڵتربوونی كێشەكان لە ناوچەیەدا و رێگە بدەن ژیان بۆ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە"
لەبارەی زیانەكانیشەوە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند "بۆردوومانكردنی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا شەهیدبوونی پێشمەرگە جێگەی داخێكی زۆرە قابیلی قبوڵ نییە".
كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 25ی نیسان چیای شنگال و دەورووبەری لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردوومان كراو، زیان و وێرانكاریی زۆری لێكەوتووەتەوە و 5 پێشمەرگە شەهید و 9 پێشمەرگەش برینداربوون.




PM:12:47:25/04/2017