پارێزگاری سلێمانی لەبارەی جۆزەی 20 ئەمپێریەوە ڕوونكردنەوە دەدات
پارێزگاری سلێمانی شكستی پڕۆژەی جۆزەی 20 ئەمپێری ڕادەگەیەنێت و شكستەكەشی دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی.
لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت شكستی پرۆژەی 20 ئەمپێری ڕادەگەیەنێت باس لەوە دەكات دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری یەكێك بوو لە هەوڵەكانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی زیادكردنی كاتژمێرەكانی كارەبا لە پارێزگاكە و پەیڕەوكردنی جۆرێك لە داپەروەری كۆمەڵایەتی.
سەردار قادر باس لەوەدەكات كە ئەوان پڕۆژەكەیان خستۆتە بەردەست وەزارەتی كارەبا و دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراوە بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی پڕۆژەكە كە تێچووی هەر جۆزەیەكی 20 ئەمپێری بڕی 19 هەزار دینارە.
پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت شكستی پرۆژەكە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ڕایدەگەیەنێت "وەزارەتی دارایی ئامادەنەبوو نە خەرجی پڕۆژەكە بگرێتە ئەستۆ نە لەسەر قەرزی كارەبای هاوڵاتیان دای شكێنێت، بۆیە پڕۆژەكە ڕاگیرا".
پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت، پێشتر سەبارەت بە گۆڕینی كارەبای سلێمانیو دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری ڕایگەیاند "لەماڵەكەی خۆیو بەرپرسەكانەوە دەست پێدەكات".
PM:10:30:27/04/2017