بە هێز کۆتایی بەخۆپیشاندانەکەی زانکۆی سلێمانی هێنرا

خوێندکارانی خۆپیشاندەر ئاماژە بەوە دەکەن بە گازی فرمێسک ڕێژ بڵاوە بە خۆپیشاندانەکەیان کراوە و بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکانیش دەڵێت "چاکردنەوەی هێڵی کارەبای نیشتیمانی کاتی دەوێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چەند خوێندکارێک ئاشکرایان کرد هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەرانیان داوە و گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێناوە بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکەیان.
خۆپیشاندانەکە بە وتەی خوێندکاران بۆ داواکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان بووە.
بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانیش بە ئێن ئاڕتی وتووە بەهۆی سوتانی یەکێک لە بەشە ناوخۆییەکانەوە سیستمی گەرمکردنی ئاوی بەشە ناوخۆییەکان تێکچووە بە مۆلیدەی کارەبایان بۆ خوێندکاران دابینکردووە.
نەجات حسێن، بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە لە دوای ئەوەی ٢١ی نیسان ئاگر لە بەشە ناوخۆییەکی زانکۆی سلێمانیدا کەوتەوە سیستمی دابەشکردنی کارەبا و ئاوی گەرمی بەشە ناوخۆییەکان تێکچووە و ڕایگەیاند "تا 10 ڕۆژی دیکە ناتوانین کارەبای نیشتمانی بۆ خوێندکاران دابینبکەین".
ئەمشەو بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەک ڕێگەی نێوان سلێمانی – کەرکوکیان داخست و داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانیان کرد، ئەمەش دوای ئەوە هات سەر لە ئێوارەی 21 ی نیسان ئاگر لە بەشەناوخۆییەکى کوڕانى زانکۆى سلێمانى کەوتەوە و زین بەر سیستمی کارەبای بەشە ناوخۆییەکە کەوت.




AM:12:24:01/05/2017