شوێنگەرەوەی سەردار قادر ئاشكرا كرا
پاش ئەوەی ئەمرۆ سەردار قادر، لەپۆستی لەبری پارێزگاری سلێمانی دەستی لەكار كێشایەوە، میدیای نزیك لە یەكێتی شوێنگرەوەكەی ئاشكرا دەكات.
بەپێی هەواڵێكی سایتی "میللەت" بە زووترین كات هەردوو لیژنەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە كۆدەبنەوە چونكە ئەو پۆستەی لە نێوان ئەو دولایەنەدایە".
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رایگەیاندوە " ئەو بابەتە نە پێویستی بە ئەنجومەن هەیە و نە حكومەتی خۆجێی چونكە ئەبێت ئەو دوولایەنە كەسێك پێشنیاز بكەن دواتر حكومەتی خۆجێی و ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بۆ دەربكەن".
سەبارەت بە شوێنگەرەوەی سەردار قادر سەرچاوەكە ئاشكرایكرد" دوو چارەسەر هەیە یان ئەوەیە كە مۆڵەتی ئاسۆ فەریدۆن پارێزگاری پێشووی سلێمانی هەڵبوەشێنرێتەوە و بگەرێتەوە بۆ سەر كارەكەی خۆی یان ئەوەیە عومەر قەڵادزێی كە جێگری پارێزگاری سلێمانیە بۆ كاروباری كارگێری بكرێـتە پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت و كارەكانی هاوڵاتیان راپەرێنێت".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دەتوانرێت كەسێك بە وەكالەت دابنێن تا ئەو كاتەی بەپێی ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان كاندیدێك دیاری دەكرێت.
سەردار قادر ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2016 لەبری پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانی ئاسۆ فەرەیدون، ئەمرۆیش 2ی ئایاری 2017 لەمیانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، سەردار قادر دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی لەبری پارێزگاری سلێمانی راگەیاندو لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەشیدا، ھۆكاری ئەو بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی دەسەڵات و بەدەمەوە نەھاتنی حكومەتی ھەرێم بۆ داخوازی شەقام و پێویستییەكانی ھاوڵاتیان و ھەروەھا نەبوونی پشتگیری پێویست لە ھەنگاوو ھەوڵەكانیان.
PM:05:08:02/05/2017