ڕۆژنامەنوس ئیبراهیم عەباس بەر لە دەستگیركردنی ئاشكرایدەكات سیناریۆی دەستگیركردنەكەی هۆكاری تری لەپشتە.
شەوی ڕابردوو ڕۆژنامەنوس ئیبراهیم عەباس دەستگیركراو بەر لە دەستگیركردنی لە پۆستێكی فەیسبووكەكەیدا ڕایدەگەیەنێت "دڵنیابن چەندە ئەم مەسەلەیە بۆ دژایەیەتی منە هێندە و زیاتر بۆ منداڵەكان كە بەیانی هەموویان تاقیكردنەوەیان هەیە".
ئیبراهیم عەباس وتوشیەتی "پار لە مانگی 5 و 6 لە كاتی تاقیكردنەوەی 12ی ئامادەیی كچە گەورەكەم و منداڵەكانی تر، لە مەسیفەوە، لە ماڵی بارزانی، رەوان بارزانیان ڕاسپارد بە سیناریۆیەك خوێندنی مندڵەكانمیان تێكدا و گەیشتە تەقە و دەركردن و خانوو داگیركردن و نانبڕین".
ئیبراهیم عەباس نوسیویشیەتی " دەستگیركردنی من چ پەیوەندی بە هەڵكوتانە سەرماڵمان هەیە، من ڕۆژانە هەر لە دەرەوەم، خێرە كەس هەقی بەسەر منەوە نییە، ئێستا وا پێنچ سەعاتە چوار سەیارەی ئاسایش و گاردەكانی بارزانی چواردەوری ماڵمانیان گرتووە؟".
شەوی ڕابردوو ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم عەباس لەماڵی هاوڕێیەكی دەبێت و هەر لەوێوە هەواڵی ئەوە دەبیستێت كە هێزێكی ئەمنی چواردەوری ماڵەكەیان گرتوە و پاش بیستی ئەو هەواڵە لە ئەكاونتە تایبەتەكەی لە فەیسبوك نوسینێك بڵاودەكاتەوە و پاشان دەستگیر دەكرێت".
ماڵپەڕی "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی لەزاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە هەواڵی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس ئیبراهیم عەباسی بڵاوكردەوە.
ئیبراهیم عەباس پێشتر سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕووبەر بوو كە لە ناوەڕاستی 2000كاندا دەردەچوو ناڕاستەخۆ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پاڵپشتی دەكرا، هەروەها ناوبراو پێشتر لە مەكتەبی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كاری كردوە و ماوەیەكە وازی لە پارتی هێناوە و وتاری ڕەخنەیی دەنوسێت و وتارەكانی بەردەوام لە "سپی" بڵاودەبنەوە.