کادیرێکی دیاری پارتی بانگەشە بۆ د. ئەرسەلان بایز دەکات و بە رزگارکاری ئەم دۆخەی دەزانێت و پێشنیاری دەکات بکرێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان.
عەبدولسەلام بەرواری، کادیری دیار و ئەندام پەرلەمانی خوولی پێشوو بە ماڵپەڕی باسنیوزی راگەیاندووە "من لەگەڵ ئەوەم (د.ئەرسەلان بایز)، بگەڕێتەوە پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، ئەویش پێویستیی ھەیە بە ھەموارکردنی مادەی ٤٤ی یاسای (١)ی ساڵی (١٩٩٢)، ئەمە باشترین سیناریۆییە چونکە د. ئەرسەلان سەرۆکێکی سەرکەوتووی پەرلەمان بوو".
ئەو کادیرە دیاریە پارتی پێیوایە"چەند سیناریۆیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەیە، یەکێکیان ئەگەر بکرێت ھەر سێ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی دەست لەکار بکێشنەوە و بەناوی ھەرسێکیان بانگھێشتی کۆبوونەوەیەک بکرێن و ئەوانیش ئامادە بن و لەوێ داواکەیان بخوێندرێتەوە و پەسەند بکریت، لە ھەمانکاتدا سەرۆکایەتییەکی تازە ھەڵبژێردرێت، بە مەرجێک ئەگەر رێککەوتن لەسەری بکرێت، دەکرێ (د.یووسف) داوا لە پەرلەمان بکات ببەخشرێت لە سەرۆکایەتی و ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبێت و جارێکی دیکە ھەڵبژاردن بکرێتەوە".
بەراوری دەڵێت "دەکرێ ھەوڵ بدرێت سەرۆکایەتییەکی بە ئەزموون بێتە پەرلەمان، خەڵکانێک بن کە لەناو حزبەکەیان پۆستیان ھەبێت، ئیستا تەنیا (جەعفەر ئیبراھیم)، ئەندامی مەکتەبی سیاسییە، ئەوانی دیکە پۆستیان نەبوو، بۆیە سیناریۆی دیکە ھەیە، کۆبوونەوەکە بکرێت بەپێی ڕێککەوتن، لە ھەمان کۆبوونەوە، دەستەی سەرۆکایەتی دەست لەکار بکێشیتەوە و دوو ئەندامی و پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکە دەست لەکار بکشێنەوە و رێگا خۆش بکەن بۆ ھێنانی ئەو کەسانەی بەربژێر بوون لەناو لیستەکان، دەکرێ بە دانیشتنی یەکەم پێشنیوەڕۆ و دوانیوەڕۆ بێنە ھەڵبژاردن و دەستەیەک دروست بکرێت، من لەگەڵ ئەوەم (د.ئەرسەلان بایز)، بگەڕێتەوە پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، ئەویش پێویستیی ھەیە بە ھەموارکردنی مادەی ٤٤ی یاسای (١)ی ساڵی (١٩٩٢)، ئەمە باشترین سیناریۆییە چونکە د. ئەرسەلان سەرۆکێکی سەرکەوتووی پەرلەمان بوو".