پارتی ئەو دەستە ئاشکرا دەکات کە بەرپرسەکەیانی لە نەوتی باکور لە کەرکوک کووشت

کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک ئاشکرای دەکات سێ كەس دەستیان لە شەھیدكردنی (محەمەد یونس)دا ھەبووە.

لوقمان كاكەیی، كارگێڕی لقی ٣ی پارتی دیموكراتی کوردستان بە میدیاکانی حیزبەكەی وتووە"دوای ڕووداوی شەھیدكردنی (محەمەد یونس)، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكوور، ھەندێك سەرەداومان بەدەست گەیشتووەو ھەموو بەڵگەكان ڕادەستی لیژنەی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كراون، ئەوانیش لای خۆیانەوە كاریان لەسەر كردووە، كامێراكانی چاودێری نیزیك ڕووداوەكە چونییەتی تیرۆركردنی ھەڤاڵ (محەمەد یونس)یان تۆمار كردووەو ھەمووشی پێشان دراوە، كە چی ڕووی داوە".

ئەو بەرپرسە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ''بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، لەنێو ئۆتۆمبیڵێكی تابلۆی پارێزگای سلێمانییەوە تەقە لە (محەمەد یونس) كراوەو سێ كەس لەنێو ئۆتۆمبیڵەكەدا بوون، ھەرسێ تۆمەتبارەكەش سەر بەپۆلیسی ئامادەن لەسلێمانی، بەڵام ناسنامەی حزبیان دیار نییە، لیژنەی لێكۆڵینەوەو ئێمەش دۆسیەكەمان بەناوی تۆمەتبارانەوە، ڕادەستی پارێزگاری كەركوك، (نەجمەدین كەریم) كردووە، چاوەڕێی دەستگیركردنیانین، ھیوادارین لەئایندەیەكی نیزیكدا دەستگیر بكرێن.''

رۆژی ٢ی ئایار چەند چەكدارێك لەشاری كەركوك محەمەد یونسیان تیرۆر كرد، كە سەر بەپارتی دیموكراتی کوردستان بوو،پۆلیسی سلێمانیش ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە.




PM:01:05:12/05/2017