پرۆژەی ڕێکخستنەوەی هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەی پەسەند کرا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ڕێکخستنەوەی هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەی پەسەند کرد.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، پرۆژەی ڕێکخستنەوەی پەیکەری وەزارەتی پێشمەرگەی پەسەند کرد.

هەروەها وتیشی "پرۆژەکە بە ڕاوێژ لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە شێوەیەکی پیشەیی و دامەزراوەیی داڕێژراوە".

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی وتووە، بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە "وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە وەزارەتێکی نا سیاسی و مۆدێرن و لێهاتوو و متمانە پێکراو".

دوێنێ هەڵگورد حیکمەت بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی وت "ھەیكەلێكی نوێ لە لایەن ھاوپەیمانان و لیژنەی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشنیازكراوە، كە گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت و ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن حكومەت و سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستانەوە ڕەزامەندیی لەسەر دەدرێت''.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانان ئەو ھەیكەلەیان بە جۆرێك دروست كردووە، كە ھاوشێوەی ھەیكەلی وڵاتانی ھاوپەیمانە و بە شێوەی ستانداردی جیھانییە، بەوەش گۆڕانكاریی ھەیكەلەكە لە وەزارەتەوە دەست پێ دەكات و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو ھەموو ھێزی پێشمەرگە.




PM:04:50:14/05/2017