نوێترین هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێم لەسەر موچە

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پڕۆژە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە و پسپۆڕانی بیانی پەسەند كرا و بڕیاریشدرا بەپێی سیستمی بایۆمەتری مووچە دابەش بكرێت و یەكەم وەزارەتیش لە پێشمەرگە دەست پێدەكرێت. هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت باسی مووچەی كردووە و وتویەتی، "پێویستە پێداچوونەوە بە مووچەدا بكرێت".

ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا پلانی سێ ساڵەی ستراتیژی سیستمی بەڕێوەبردنی كارەسات و قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستاندا لەلایەن وەزیری ناوخۆوە خرایە ڕوو، كە لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسی فریاكەوتنی مەدەنیی سویدی و ئاژانسی فیدراڵی بۆ هاوكاری و تەكنیكی ئەڵمانی، ئامادەكراوە.

كۆبوونەوەكە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیەوە سەرپەرشتی كراوە و جێگری سەرۆكی حكومەت وتارێكی پێشكەش كردووە و وتویەتی، "99%ی مووچەخۆران ناوی خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار كردووە و سەربازیش لە كۆتایدایە".

هەر بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمی حكومەت، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی هەنگاو و قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی سیستەمی بایۆمەتری پێشكەش كردووە و ئاماژەی بەوە دا، "لە 99%ی مووچەخۆرانی مەدەنی ناوی خۆیان تۆمار كردووە و كەرتی سەربازیش لە قۆناغی كۆتاییدایە"، هاوكات سەرۆك وەزیران ستایشی ستافی سیستەمی بایۆمەتری كرد، كە بە جێبەجێكردنی، كەموكوڕییەكانی سیستەمی مووچە چارەسەر دەكرێن و بە پێویستیشی زانی سیستەمی مووچە پێداچوونەوەی تەواوی بۆ بكرێت".




PM:05:30:14/05/2017