یەکێتی پاشگەزدەبێتەوە لە نزیکبوونەوەی لەگەڵ پارتی و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو قسانە تەنها "گفتوگۆبوون".
هەرچەندە دوا کۆبوونەوەی نێوان سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان یەکێتی و گۆڕان هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتەوەو گفتوگۆکان بەبن بەست گەیشت، بەڵام چەند رۆژێکە لەگەڵ گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێک لە میدیاکانی یەکێتی و دوا لێدوانی بەرپرسێکی یەکێتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوان هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ پارتیدا نییە.
قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێکدا بە ئێن ئارتی ڕاگەیاند " یەکێتی بۆچوونی خۆی لەسەر شێوازی کاراکردنەوەی پەرلەمان داوە بە پارتی و گۆڕان و نایەوێت هیچ لایەنێک پەراوێز بخرێت، ئەوانەشی باسکراون تەنها گفتوگۆ بوون".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان دەیانەوێت کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هاوبەشی هەموو لایەنەکان بێت و هەوڵیش بۆ ئەوە دەدەن.
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە لە دواین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، بەرپرسانی گۆڕان داوایان کرد رێککەوتنی ١٧ ی ئایاری ٢٠١٦ نێوانیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش یەکگرتنی هەردوو فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان، بەڵام وەفدی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەدا ئەو داوایەی رەتکردەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، یەکێتی بە فەرمی پێشنیازی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دا بە گۆڕان، بەڵام گۆڕان پێشنیازەکەی ڕەتکردەوە.
زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە کە ئەو هەڵوێستانەی یەکێتی هەیبوو پێش گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان، پەیوەندی بەو زانیاریانەوە هەبوو کە لەسەر باری تەندروستی ئەو باس دەکرا، بەڵام ئێستا کە نەوشیروان مستەفا گەڕاوەتەوە و تا رادەیەک تەندروستی باشە، چارۆکەکەی یەکێتی بەلای گۆڕاندا دەشەکێتەوە.