جەمیل بایك: پارتەكانی باشوور دژی پەكەكە لەگەڵ داگیركەران ڕێكەوتن

هاوسەرۆكی كەجەكە ڕەخنە لە هێزە سیاسیەكانی باشوور دەگرێت و دەڵێت "هەمیشە هێزە سیاسیەكانی باشوور لەدژی پەكەكە لەگەڵ داگیركەران ڕێككەوتوون".

لە ساڵیادی كوژرانی ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لەلایەن پارتیەوە لەهەولێر جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئاماژە بەوە دەكات ئەو ئاگربەستەی گفتوگۆی لەبارەوە كرا زەمینە سازی بوو بۆ كۆمەڵكوژییەكە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 1995دا پەكەكە ئاگربەستێك لە بەرامبەر توركیا و پارتی دەكات و دەڵێت "ڕێبەر ئۆجالان دووەمین ئاگربەستی لە بەرامبەر پارتی و توركیا راگەیاند".

 بایك دەڵێت "لەوكاتەدا شەڕێكی مەزن لەنێوانماندا بەرپاببوو، بۆیە سەرۆك نەیدەخواست شەڕ بەردەوام بێت، بەڵكو دەیخواست ئیدی كێشەی كورد بەرێگەی دیالۆگ و ئاشتی و دیموكراتیانە چارەسەربكات، بۆ ئەو مەبەستە جارێكی دیكە ئاگربەستی راگەیاندەوە".

هاوسەرۆكی كەجەكە پێیوایە لەشەڕی نێوان ئەو پارتانەی باشووردا لەنێوان خۆیاندا و لەدژی پەكەكەش هەمیشە بەئاشكرا پارتەكانی باشوور پەیوەندیان لەگەڵ داگیركەران دروست كردووە و دەڵێت "تەنیا پەكەكە ئەمەی نەكردووە، خەڵكی باشوور ئەمەی بینی، بینیان كە پەكەكە خەت و رێبازێكی سەربەخۆ و ئازاد بەبناغە وەردەگرێت و بەهێزی خۆی جموجۆڵ دەكات، بەڵام پارتەكانی دیكە خاوەن ئازادی خۆیان نین، بە بەردەوامیش دەكەونە خزمەت داگیركەرانەوە و لەگەڵ داگیركەراندا جموجۆڵ دەكەن و دێنە سەر كوردان".

وتیشی " لە ساڵی 1997دا جارێكی دیكە دەوڵەتی توركیا و پارتی بەیەكەوە هێرشیان كردە سەر پەكەكە و لە هەولێریشدا زۆر گرتن و كوشتن روویدا".

 لە 16ی ئایاری 1997دا، لە گەرمی شەڕی ناوخۆ و پێكدادانی نێوان پارتی و پەكەكە، لە شاری هەولێر پارتی دەستی گرت بەسەر ژمارەیەك بنكە و بارەگای پەكەكە بەناوەكانی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDKــ رۆژنامەی-وڵات، مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەكێتی ئازادی ژنانی كوردستانYAJK و نەخۆشخانەی گەریلا" بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پەكەكە نزیكەی 200 ئەندامیان بێ سەر و شوێن بوون.




PM:02:27:15/05/2017