نەوشیروان مستەفا دەیویست ئەمڕۆ ئەم کارە بکات

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوی گۆڕان لەسەر داوای خۆی گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و ویستوویەتی دواین ساتەکانی ژیانی لەگەڵ خەڵکدا بباتە سەر و بڕیاریش بووە کە ئەمڕۆ سەردانی گۆڕی شوعلە عەلی هاوسەری بکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە نەوشیروان مستەفا بە سپی ڕاگەیاند بەر لە سێ هەفتە نەوشیروان مستەفا کاتێک زانیویەتی دۆخی تەندروستی بەرەو خراپی دەڕوات ئەگەرچی ویستوویەتی بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە ناو خەڵک، بڕیاریداوە لەندەن جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکە وتیشی کە بڕیاربووە ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا سەردانی گۆڕی شوعلە عەلی هاوسەری بکات کە لە ١٧ی ئازاری ئەمساڵدا و لە ڕۆژی هەینیدا هاوشێوەی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا ئەو کارە ئەنجام بدات.

سەرچاوەکە جەختیشی کردەوە کە کاک نەوشیروان لەبەر تەندروستی تەنها کەسە نزیکەکانی خۆی بنیوە و بڕیاریشداوە کە ڕۆژی شەممە واتا سبەینێ هاوڕێ نزیکەکانی ببینێت.

ئەمڕۆش جەمال محەممەد سكرتێری جفاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە "لەكاتی كۆچی دوایی كاك نەوشیروانداژ كوڕەكانی و كەسوكارەكەی لەلای بوون."

جەمال محەمەد هەروەها وتوشییەتی "كاك نەوشیروان وەستێتی كردووە كە لە گردی زەرگەتە بنێژرێت بەڵام جارێ كاتی ئەوە نییە باس لە ناوەڕۆكی وەسێتنامەكەی بكرێت".

هەروەها ئاسۆ رەحیم ئەندامی جفاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "لەدرەنگانێكی شەڕی رابردووەوە منداڵەكانی و كاك بەختیاری برای كاك نەوشیروان لەلای بوون".

ڕوونیشی کردووەتەوە"تا كاتژمێر شەشی بەرەبەیانی كاك نەشیروان توانای قسەكردنی هەبووە".

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.




PM:04:36:19/05/2017