شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان،
ڕایگەیاند کە سبەینێ لە شاری سلێمانی پرسە بۆ نەوشیروان مستەفا دادەنرێت و دوو
سبەیش لە شاری هەولێر.
پاش ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان
مستەفا کۆچی دوایی کرد بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا کە ئەمڕۆ تەرمی نەوشیروان مستەفا
نەنێژرێت و سبەینێ لە گردی زەرگەتە، لەسەر وەسێتی خۆی تەرمەکەی بنێژرێت و بڕیاردرا
سبەینێ کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە نزیک ماڵەکەی خۆی تەرمەکەی بەخاک پسپێردرێت.
لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرسەی
ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان شۆڕش حاجی ڕایگەیاند کە سبەینێ پرسەکەی لە شاری
سلێمانی دەبێت و ڕۆژی یەکشەممەش لە شاری هەولێر پرسە بۆ نەوشیروان مستەفا ئەمین
دادەنرێت.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە
گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە
سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٦٧ دا
نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە
لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە
ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.
لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا
بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی
بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
نەوشیروان مستەفا لە
ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا
و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە
کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا
ڕوویانداوە.