بەوێنە.. داعش لە خورماتوو شکا
سەرپەرشتیاری میحوەری خورماتوو بریندار بوو

لە هێرشی ئەشەوی رابردووی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر باکوری رۆژئاوای خورماتوو، دوای دوو کاتژمێر شەڕ داعش تێکشکا، لەو شەڕەدا شەش پێشمەرگە برینداربوون، سەرپەرشتیاری میحوەرەکە، عەبدوڵا بۆر، یەکێکە لە بریندارەکان.

محەمەد فایەق بەرپرسی راگەیاندنی قائیمقامیەتی خورماتوو، بە سپی راگەیاند" هێرشەکەی داعش کاتژمێر ١١ ی شەو دەستی پێکردووە لە گوندی حلێوەی بچووک کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای خورماتوو، دوا شەڕێکی قورس چەکدارانی داعش شکان".

بەرپرسی قائیمقامیەتی راگەیاندنی خورماتوو، لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد کە عبدوڵا بۆر سەرپەرشتیاری میحوەری خورماتوو، بەهێزێکی زۆرە لە کاتی شەڕەکەدا بەرەو شوێنی شەڕەکە دەچن، لە رێگا مینێک بە ئۆتۆمبیلەکەی ناوبراودا دەتەقێتەوە، خۆی بەسووکی بریندار دەبێت، شۆفێرەکەشی بە سەختی بریندار دەبێت".

محەمەد فایەق وتیشی" سەرپەرشتیاری میحوەرەکە سەنگەری چۆڵ نەکرد، بەردەوام بوو تا هێرشەکەی داعش، شکاو دواتریش سەردانی بریندارەکانی لە نەخۆشخانە کرد".

لەدوای بەرتەسکبوونەوەی ئەو شوێنانەی چەکدارانی داعشی تێدا جێگیرە لە موسڵ، ئەو رێکخراوە هێزەکانی هێناونەتە دەوری حەویجەو تکریت و لەم هەفتەیەدا دووەم هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە خورماتوو.




AM:10:39:28/05/2017