بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ڕووداو پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوكاری پەرلەمانتارانی یەكێتی و كۆتاكان لە چەند مانگی داهاتوودا پەرلەكان كارا دەكاتەوە.
ماڵپەڕی ڕووداو لە هەواڵێكدا كە پشتی بە سەرچاوەیەك بەستوە ئاشكرایدەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی كاراكردنەوەی پەرلەماندایە و ئەو كارەش بە هاوكاری یەكێتی و كۆتاكان دەكات لە پەرلەمانی كوردستان دەكات.
بەپێی هەواڵەكەی ڕووداو كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەوێتە سەرەتای خولی نوێی گرێدان كە لەنێوان 1/6/2017 تاوەكو 1/9/2017 یە، ئەمەش بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێ.
لە ماددەی پێنجەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە پەرلەمان لە ساڵێكدا دوو خول گرێدەدات، یەكەمیان لە سەرەتای مانگی ئادار تا كۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت، دووەمیشیان لە سەرەتای ئەیلول دەستپێدەكات و لە كۆتایی كانونی یەكەم كۆتایی دێت.
لە ماددەی 16، بڕگەی دووەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە بە بەتاڵبوونی پۆستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە كە دەڵێت "لە كاتی بەتاڵبوونی پێگەی سەرۆكی پەرلەمان یان جێگرەكەی یان سكرتێر لەبەر هەر هۆیەك بێت، پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنی گرێدراوی دوای بەتاڵبوونەكەوە، بەهەمان رێگەی دەقكراو لەم پەیڕەوەدا جێگرەوەیەكیان بۆ هەڵدەبژێردرێت".
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان پێویستی بە واژۆی 28 پەرلەمانتار هەیە، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو، دەبێ یەك لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوا بكەن بۆ بابەتێكی دیاریكراو كۆببنەوە، لەو حاڵەتەشدا دانیشتنەكە پێویستی بە واژۆی 37 پەرلەمانتار دەبێ، چونكە لە حاڵەتی بوونی یاسادا پشت بە پەیڕەو نابەسترێت، بەو پێیەش پارتی بە تەنیا دەتوانێ داوای ئەو دانیشتنە بكات و واژۆی بۆ كۆبكاتەوە، چونكە 38 پەرلەمانتاری هەیە.
شوان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری پارتی سەبارەت بە چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەڵێت: "دوو رێگا لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان هەیە، یان هەڵبژاردن لە كاتی خۆی، یان تەمەنی یاسایی خۆی درێژ بكاتەوە، چونكە جگە لە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، پرسی تەواوبوونی خولی چوارەمیشمان لەبەردەمە".
شوان ئەحمەد، پێیوایە پەرلەمان بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان كارا دەبێتەوە و دەڵێت "ئەگەر بە رێككەوتن كارا نەكرایەوە، لە رووی یاساییەوە بە تەمەنترین كەس دەتوانێت سەرۆكایەتی دانیشتن بكات، چونكە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیتوانیوە ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام پارتی دەیەوێ بە گفتوگۆ ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە، ئەگەرنا باشترین چارەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە یان هەڵبژاردن لە كاتی خۆی و ئامادەسازیشمان وەكو حیزب بۆ ئەو پرۆسەیە كردووە".
بەپێی ماددەی 10 لە پەیڕەوی ناوخۆ، یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن بە تەمەنترین پەرلەمانتارەوە سەرۆكایەتی دەكرێ، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، چونكە محەممەد سادق پەرلەمانتاری پارتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئەو خولەیە.
لەو بارەیەوە بەهار مەحموود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت "دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، غائیبیش نین، بەڵكو رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كراوە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، بۆیە هەر پەنابردنێك بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی لە دەرەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، قەیرانە سیاسییەكە قووڵتر دەكاتەوە".
پێشتر جەعفەر ئیمینیكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند "لێكتێگەیشتنی باش هەیە بۆ پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆیە من وای دەبینم لە ماوەی مانگێكدا پەرلەمان كارا بكرێتەوە".