دادگای كەلار لەسەر كەیسی پەیامنێرەكەی ئێن ئاڕتی بڕیاریدا

دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار لەبارەی كەیسی پەیامنێرەكەی كەناڵی ئێن ئاڕتی بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی وادەی دەستگیركردنەكەی بۆ ماوەی حەوت ڕۆژی تر.

كەمێك لەمەوبەر كەناڵی ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند دادگای كەلار بڕیاریداوە بە درێژكردنەوەی وادەی دەستگیركردنی ئارام بەختیار، پەیامنێری كەناڵەكە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژی تر.

دادوەری تایبەت بە كەیسەكە هۆكاری درێژكردنەوەی وادەی دەستگیركردنەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ بەردەوامی لێكۆڵینەوەكان و ڕەتی دەكاتەوە بە كەفالەت ئازاد بكرێت.

ئەمرۆ چوارشەممە 10 ڕۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەستگیركردنی ئارام بەختیار، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە كفری، ئەوەش لە كاتێكدایە كە پەیامنێرەكەی ئێن ئاڕتی بە ماددەی 9 لە یاسای كاری ڕۆژنامەوانی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت و هەر بەپێی ئەو یاسایە دەكرێت كەسی داوا لەسەر كراو بە كەفالەت ئازاد بكرێت.

ئارام بەختیار پەیامنێرەكەی ئێن ئاڕتی دوای بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك لەسەر ئەو پیاوەی شیرو دایبی دزیبوو، لەلایەن سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك-گەرمیان تۆمەتبار كراوە و سكاڵای لەسەر تۆماركردووە كە گوایە ناوی ئەوی زڕاندووە و ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی دروستكردووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشێكی زۆری كراوەتە سەر.




PM:12:54:31/05/2017