پێداچوونەوە بە سیستمی پاشكەوتی موچەدا دەكرێت
ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبووەوەو چەند بڕیارێكی گرنگی دەركردو باسی لە پێداچوونەوە بەسیستمی پاشكەوتی موچەدا كردەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی خوێندنی باڵا: بەسەرپەرشتی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، بەئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هۆڵی کۆبونەوەکانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.
لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی (٦/٦/٢٠١٧)بەڕێوەچو، لە چەند تەوەرێکی جیادا گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە خوێندکاران و خوێندنی باڵا تاتوێ کران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
بارودۆخی دارایی و ئابوری هەرێم بەرەو باشی دەڕوات
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا کورتەیەکی لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان پیشکەشکرد و ڕایگەیاند: بارودۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو باشی ڕۆیشتوە، هەربۆیە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە پێداچونەوە بەسیستمی پاشکەوتی موچەدا بکات، بەڵام تا ئێستا ڕێژە و کاتەکەی بڕیاری لەسەرنەدراوە، ئاشکراشیکرد، کە حکومەت و هەموو وەزارەتەکەان کەتونەتە خۆ بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی، ئەوەشی ڕاگەیاند: سیستمی بایومەتری سودی زۆری هەربوە، بەشێوەیەک دەیان هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارنەکردوە.
داهاتی زانکۆکان بۆتە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان
لەبارەی دۆخی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان، د.یوسف گۆران وتی: دوای ئەوەی پڕۆژەی هەنگاو بەرەو سەربەخۆی دارایی زانکۆکان لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسندکرا، لەسەر ئەو بنەمایە حکومەت تا ئێستا سەرجەم بڕگەکانی ئەو پڕۆژەیەی جێبەجێکردوە و، ڕێژەی (٧٠%) داهات بۆ زانکۆکان خەرج دەکرێ و، بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەوە لەساڵی پارەوە تا ئێستا نزیکەی (١٩) ملیار داهاتی زانکۆکان و وەزارەت بەدەستهاتوە و، لەو بڕەش نزیکەی (٦) ملیار دراوە بە وەزارەتی دارایی، وتیشی ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ وەزارەت و زانکۆکان، بۆیە دەبێ شانازی بەو دەسکەوتە گرنگ بکەین و، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وردەکارییەکانی ئەو داتایە دەخەینەڕو، لە کۆتایشدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت ڕایگەیاند: چەند بتوانین سیستمی بەڕێوەبردنی دارایی خۆمان پتەوتر بکەین، بەهەمان شێوە دەتوانین ئاستی زانستی زانکۆکان پێشبخەین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، کارنامەی کۆبونەوەکە خرایە بەر باس و، ئەندامانی ئەنجومەن گفتوگۆیان لەبارەی سەرجەم تەوەرەکان کرد و، دوای خستنەروی چەندین پێشنیاز، بڕیاری گونجاو لەسەر سەرجەم تەوەرەکان درا.
بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین دادەمەزرێ
لەو چوارچێوەیەدا و، لە خاڵی یەکەمی کۆبونەوەکەدا دانانی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین خرایە ڕو، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وتی: کاتی ئەوە هاتوە بۆردێکی نیشتمانی و متمانە بەخشین دابمەزرێنین، چونکە یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکان بۆ کواڵیتی خوێندن لە جیهاندا، وتیشی وەک وڵاتانی جیهان گرنگە ئێمەش بۆردێکی نیشتیمانیمان هەبێت بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بۆردێکی نێودەوڵەتی بکات، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی کە دەخوازن ئەو بۆردە سەربەخۆ بێ، بەڵام تا ئەوکاتەی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەموار دەکرێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەت دەبێ، سەبارەت بە ئەرک و کارەکانی ئەو بۆردە د.یوسف گۆران ڕونیکردەوە کە کاری ئەو بۆردە تایبەت دەبێ بە کواڵیت و ڕانکیکنگی زانکۆکان و متمانە بخیشن، ئاشکراشیکرد وەک هەنگاوی یەکەم لێژنەیەکی تایبەتمەند دروست دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بۆردە دروست بکەن، بۆ ئەوەش پەیوەندی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەو بوارە بکەن و گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی ئەم بۆردە دروست بکەین و دواتر لەم ئەنجومەنە بریاری لەبارەوە بدەین.
هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت چەندین پێشنیاز و بیروبۆچونیان خستەڕو بۆ چۆنیەتی و گرنگی هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەو بۆردە، لە کۆتایشدا بەکۆی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری پێکهێنانی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین پەسند کرا.
جینۆساید دەبێتە بابەتێکی خوێندن لە سەرجەم کۆلێژ و زانکۆکانی کوردستان
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی خوێندنی جینۆساید لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بابەتی جینۆساید یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان، بۆیە وەک زانکۆکان دەبێ بەشداری زیاترمان لە ناساندنی ئەو بابەتە هەبێ، بەشێوەیەک دەبێ وا بکەین هەمو تاکێکی کورد مەسەلەی ناساندنی جینۆساید بناسێنین، چونکە جینۆساید بۆتە بەشێک لە ناسنامەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت ڕاشیگەیاند: کە دەبێ زانکۆکان بتوانن ڕۆڵێکی زیاتر لەو بوارە بگێڕن و، لە هەمو بەشەکانی خوێندن جینۆساید وەک زانست بخوێنرێت و، ببێتە بابەتێکی زانستی و، زانیاری تەواو لەسەر جینۆسایدی نەتەوەکانی دیکەی وڵاتانیش تیدا بخرێتەڕو، لە کۆتایشدا وتی: بۆ ئەو بابەتە چەندە خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ و کەسانی ئەکادیمی هەیە بانەگەوازیان بۆ دەکەین و، لە چوارچێوەی لێژنەیەکدا کۆیان دەکەینەوە بۆ ئەوەی لایەنەکانی ئەو بابەتە ڕێکبخەن، بۆ ئەوە مەبەستەش ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت چەند پێشنیازێکیان خستەڕو، دواتریش بەکۆی دەنگ ئەنجومەنی وەزارەت بریاریدا بابەتی خوێندنی جینۆساید لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخوێندرێ، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی وەزارەت داوا لە شارەزییان و کەسانی پسپۆر لە ناوەو دەرەوەی کوردستان دەکات خۆیان ئامادە بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە.
پێداچونەوە بەیاسای وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێ
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، تاوتوێی چۆنیەتی پێداچونەوە بەیاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرا، بۆ ئەو مەبەستەش د.یوسف گۆران ڕاێگەیاند: یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کەموکوڕی زۆری تێدایە، وتیشی لەسەرەتای هاتنمان بۆ وەزارەت پڕۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی وەزیران هەبو، بەڵام لە هەنگاوی یەکەمی کارکردنماندا ئەو پڕۆژەیەمان گەڕاندەوە، چونکە ئەو یاسایە لەگەڵ دۆخی خوێندنی باڵا-ی ئێستای هەرێمی کوردستان ناگونجێ، بەتایبەت لەم کاتەدا کە دەمانەوێ زیاتر بەرە و سەربەخۆی دارایی و کارگێڕی بڕۆین، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکراشیکرد لێژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچونەوە بە یاساکان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا داوایان لە وەزارەتەکان و دامەزراوەکان کردوە پێداچونەوە بەیاساکانیان بکەین، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بریارە ئێمەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێ لە داتایەکدا سەرجەم یاساکان کۆبکەینەوە، وتیشی تێڕوانینی حکومەت هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم دامەزراوەکان بەرەوە لامەرکەزی کارگێڕی بڕۆن، لەهەمان کاتدا هاندانی کەرتی تایبەت هەیە لەناویشاندا کەرتی تایبەت لە بواری خوێندنی باڵا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: لە چوارچێوەی دیدگاکانی حکومەت بۆ لامەرکەزیت و هاندانی کەرتی تایبەت و، لەهەمان کاتدا لە چوارچێوەی کار و ستراتیژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێ بەیاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا بچینەوە، وتیشی دەبێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا زانکۆکان دیدوبۆچونەکانیان ڕەوانەی وەزارەت بکەن بۆ چۆنیەتی هەموارکردنەوەی یاساک و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی یاسا کارپێکراوەکانی ئێستا.
کردنەوەی سێنتەرەکانی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆکان
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە کردنەوەی سێنتەرەکانی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانی (سات ١) و( سات ٢) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش د.یوسف گۆران وتی: ئەنجومەنی وەزارەت لە دواین کۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا ڕێژەی (٥%) کورسی خوێندنی وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان تەرخانکرد، وتیشی ئامانجمان لەو بڕیارەدا ئەوەبو کە خەڵکی دیکە بهێننە ناو سیستمەکەمان و بۆ خوێندن نەڕۆنە زانکۆکانی دەرەوە، وەزیری خویندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی وتیشی قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان بۆنەتە بەشێک لە سیستمی خوێندنی هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتدا وەزارەت بڕیاریدراوە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانی (سات ١) و( سات ٢) بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان ئەژمار بکرێ، بۆیە بۆ تەواوکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی ڕاسپارد هەوڵ بدەن بۆ کردنەوەی ئەو سێنتەرەی تاقیکردنەوانە لە زانکۆکانیان، وتیشی ئەوەش بۆ لایەنی دارایی زانکۆکان و، باشکردنی پەیوەندی زانکۆکانیش سودی دەبێ، وتیشی لە بری ئەوەی خوێندکار لە شوینیکی گشتی تاقیکردنەوە بکات باشترە لە ناوەندێکی ئەکادیمی و لە زانکۆ بکرێ.
بۆ وەرگرتن لە بەشەکانی یاسا نمرەی وانەکانی زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نابێ لە (٧٠) کەمتر بێ
هەر لەو کۆبونەوەیەی ئەنجومەنی وەزارەتدا، گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازێکی بۆردی خوێندنی یاسا لە زانکۆکانی کوردستان کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران کورتەیەکی لەسەر پێکهاتە و کارەکانی بۆردەکە پێشکەشکرد، وتیشی ئەندامانی بۆردەکە سەردانی ئاڵمانیایان کرد، وتیشی لە گەڕانەوەیان چەند پێشنیازیکیان هێناوەتەوە، وتیشی داوایان کردوە بۆ وەرگرتن لە خوێندنی یاسا لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان زمانەکانی (کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی) ڕێژەی (٧٠%) دیاری بکرێ، چونکە سیستمی خوێندنی لە بەشەکانی یاسا تا ئیستا زۆری بەعەرەبیە لەهەمان کاتدا بەرەو کوردبونیش دەڕوا، جگە لەوەش زمانی ئینگلزی زمانێکی جیهانیە.
لە کۆتایدا و، دوای خستنەڕوی پێشنیازەکە، ئەندامانی ئەنجومەن چەند پێشنیازیکیان خستەڕو، دواتریش ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بۆ وەرگرتن لە بەشی یاسا لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان نابێ نمرەکانی زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) رێژەی (٧٠%) کەمتر بێ، لەهەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا ئەو بڕیارە لە وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) جێبەجێ بکرێ.
زانکۆی زانستە کردارەکیەکان و ڕاهێنانی پیشەیی تاوتوێ کران
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاراستەیەکی گشتی هەیە بۆ بایەخدان بەخوێندنی کردەیی و پیشەیی لە کوردستان، لەهەمان کاتدا ئامانج لە کردنەوەی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بۆ بایەخدان بو بەخوێندنی پیشەیی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکراشیکرد چەند پڕۆژەیەک بۆ کردنەوەی زانکۆی کردارەکی و پیشەیی پیشکەش بە وەزارەت کراوە، وتیشی ئێستا ئەو پرۆپۆزەڵانە بە رێوشوینە یاسایەکانی خۆیدا دەڕوا و لە لێژنەی باڵای دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ، هەر کاتیش پرۆسەکە تەواو بو، دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزارەت بۆ ئەوەی دوا بڕیاریان لەسەر بدرێ.
کۆتایی کۆبونەوەکە
لە بەشی کۆتایی کۆبونەوەکەشدا چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بەکاروباری خوێندکاران، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و، کاروباری کارگێڕی و دارایی و نوسراوی زانکۆکان تاوتوێکران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
PM:03:11:06/06/2017