ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی ئاشکرایدەکات مه‌سعود بارزانی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌گۆڕان و كۆمه‌ڵه‌وه ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی به‌شداری ریفراندۆم بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ 11ی حوزه‌یران، به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌شارۆچكه‌ی پیرمام كۆبووه‌و باس له‌پرسی ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان كرا.
ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی به میدیاکانی نزیک لە یەکێتی راگه‌یاندووە "كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به پرسی ریفراندۆم، وه‌كو پارتی پشتگیری خۆمان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی".
میرخان وتیشی "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی ئامانجی ریفراندۆم كرا، كه بۆ گه‌یاندنی بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستانه به دنیا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیدان یان نا".
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری بایكۆتكردنی پرۆسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه، ڕایگەیاند "ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش به‌شداری نه‌كه‌ن، ریفراندۆم هه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌وڵده‌درێت ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش به‌شداری بكه‌ن".
وتیشی "ره‌نگه جارێكی دیكه له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانییه‌وه، به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌گۆڕان و كۆمه‌ڵه‌وه بكرێت، بۆئه‌وه‌ی قایل بكرێن به‌وه‌ی به‌شداری پڕۆسه‌ی ریفراندۆم بكه‌ن".