بارزانی پارە دەداتە ئەم خێزانانە

دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕی یەک ملیۆن دینار دەداتە هەر خێزانێکی شەهیدی شەڕی دژ بەداعش.


دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێوڕەسمی هاوکاریکردنی خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش ساز دەکات، لەو رێوڕەسمەدا دەزگاکە پرۆژەیێکی خۆی رادەگەیێنێت، کە بڕی یەک ملیۆن دینار دەدات بە خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش.

ئیبراهیم سەمین، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە ڕووداوی وتوە "ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دەزگاکە ئێوارەخوانێک بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەولێر ساز دەکات و لەوێ پرۆژەکە رادەگەیێندرێت و هەموو شەهیدان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی و پرۆژەکە بە سپۆنسەری سیروان بارزانییە و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەسەر هەموو خێزانی شەهیداندا دابەشدەکرێت".

وتوشییەتی کە لیستی ژمارەی شەهیدانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگرتووە، کە 1410 شەهیدە ، لەو ژمارەیەدا 394 شەهید خەڵکی هەولێرن و 444 شەهید خەڵکی دهۆکن و 344 شەهید لە سنووری سلێمانین و لە سنووری گەرمیان و کەرکووکیش 228 شەهیدن. هاوکارییەکە بۆ هەموو شەهیدانە، بەبێ جیاوازی و خۆبەخشە شەهیدەکانیش دەگرێتەوە. بڕی کۆی پارەکە دەکاتە ملیارێک و 410 ملیۆن دینار.





PM:06:38:14/06/2017