بارزانی: مردن لە برسا باشترە لە مردن لەژێر زوڵم و زۆرداری

بارزانی بۆ میدیایەکی ئەمەریکی دەڵێت " مردن لە برسا باشترە لە مردن لە ژێر زوڵم و زۆرداری، ئەوکات دونیا با شانازی بەوەوە بکات کە گەلی ئێمەیان لە برسا کوشت، چونکە بە ڕێگەیەکی دیموکراسییانە خوازیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بوون”.

مەسعود بارزانی، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی (Foreign Policy)ی ئەمریکیدا ئەنجامی داوە، دەڵێت " جیابوونەوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق تاکە ڕێگەچارەیە بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتە و سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی".

بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە " ماوەیەکی درێژە ئەو گەیشتووەتە ئەو بڕوایە کە بەغدا ھاوبەشیی ڕاستەقینە و مانابەخشی لەگەڵ کوردەکان پێ قبوڵ ناکرێت و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی تاکە ڕێگەچارەیە گەلی کورد دەرفەتی پێ بدرێت خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات".
 
بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە وڵاتانی دراوسێ دەکرێ کوردستانی سەربەخۆ بخەنە تەنگەژەوە و ئابڵۆقەیان لەسەر دابنێن، ڕای گەیاندووە کە ”مردن لە برسا باشترە لە مردن لە ژێر زوڵم و زۆرداری" و گوتوویەتی: ”ئەوکات دونیا با شانازی بەوەوە بکات کە گەلی ئێمەیان لە برسا کوشت، چونکە بە ڕێگەیەکی دیموکراسییانە خوازیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بوون”.




AM:10:21:16/06/2017