سپی زانیاریی نهێنی ناو كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرا دەكات

ئەگەرچی میدیای زمانحاڵی فەرمی یەكێتی بڵاویكردوەتەوە یەكێتی پشتیوانی لەبەڕێوەچوونی ریفراندۆم دەكات، بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت كە پشتگیری ریفراندۆم دەكەن بەڵام بارزانی بۆی نیە مەرسوم بۆ ریفراندۆم دەربكات.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە سپی میدیای راگەیاند: ئێمە لەكۆبوونەوەكەدا جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە پشتگیری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەین، بەڵام سورین لەسەر یەكڕیزی نیشتمانی‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و دەرچوونی مەرسومی ریفراندۆم لە پەرلەمانەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە ئامادە نەبوو ناوی بڵاوبكرێاتەوە، وتیشی: ئەمەی كە لە كۆبوونەوەكەدا باس كرا‌و دواتر دەنگی لەسەر درا، سووربووین لەسەر ئەوەی كە  بارزانی مەرسومەكەی نایاساییە‌و ئەو بۆی نیە مەرسوم بۆ ریفراندۆم دەربكات.

ئاماژەی بەوەشدا كە بارزانی لەكاتێكدا دەتوانێت ئەوە بكات كە باری نائاسایی راگەیەنرابێت، كە ئەوەش لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە.
وتیشی: ئەوەی لە میدیاكانی یەكێتیشدا بڵاوكراوەتەوە وادەخوێنرێتەوە كە ئێمە پشتگیری پرۆژەكەی پارتین، بەڵام لە كۆبوونەوەكدا ئەمە بەم شێوەیە نەبووە‌و ئێمە جەختمان لەسەر یەكڕیزی نیشتمانیی كردوەتەوە كە بە بێ گۆڕان‌و كۆمەڵ ناكرێت.




PM:04:36:18/06/2017