حكومەت بڕیارێك لەبەرژەوەندی فەرمانبەران دەدات

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە كە رێگە بە فەرمانبەران بدرێت لە دوای داواكاركردنی مۆڵەتی درێژخایەنی بێ مووچە  مۆڵەتەكەیان بچڕێنن.

بەپێی نوسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی  ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كە لە 17ی 5ی 2017 دەرچووە بڕیارێكی تازە  لە بارەی  مۆڵەتی فەرمانبەرانەوە دەركراوە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە كە رێگە بە فەرمانبەران بدرێت لە دوای داواكاركردنی مۆڵەتی درێژخایەنی بێ مووچە  مۆڵەتەكەیان بچڕێنن، هاتووە" رێگە دەدرێت بە پچڕاندنی مۆڵەتی بێ مووچە بەرلە تەواوبونی ماوەكەی بە مەرجێك لەسەر داوای فەرمانبەر خۆی بێـت و بەپێی پێداویستی فەرمانگەكەیی بێت.

ئاماژە بەوەش كراوە بۆ پچڕاندنی ئەو مۆڵەتە دەسەڵات لە دەستی وەزیری پەیوەندار دەبێت و دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان نیە كارەكە بكەن.

بە بڕیاری  ژمارە‌ 38، لە 5ی نیسانی 2015 ئەنجومەنی وەزیرانی ‌ هەرێمی‌ كوردستان، دەسەڵاتی بە وەزیر و‌ سەرۆكی‌ دەستەكاندا بۆ بەخشینی‌ مۆڵەتی‌ بێ‌ مووچە بۆ فەرمانبەران بۆ ماوەیەك لە پێنج ساڵ‌ زیاتر نەبێت و وەزارەتی‌ دارایی و ئابوورییش‌ لە  3ی 5ی 2015 رێنمایی ژمارە 4ی بۆ ئاسانكاری‌ جێبەجێكردنی‌ ئەم بڕیارە دەركردووە.

بەپێی نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بێت ئەو رێنماییەی وەزارەتی دارایی هەموار دەكرێتەوە، بۆیە لە 24ی 5ی 2017 وەزارەتی دارایی  رێنماییەكەی هەموار كردۆتەوە.





PM:03:37:20/06/2017