ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕایگەیاند، بڕیارە پێش جەژن سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان كۆببێتەوە و دوای جەژنیش خولێكی تری دانوستانەكان لەگەڵ لایەنەكان دەستپێدەكەنەوە.
قادر حمەجان، ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ زمانحاڵی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، جگە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، یەكێتی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەری دۆخی هەرێم لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا كۆدەبێتەوە.
كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی لە كاتێكدایە كە لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا كە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، تێیدا یەكێتیی ئاماژەی بەوە دابوو كە ئامادەیە ڕێككەوتننامەی نێوان یەكێتی و گۆڕان جێبەجێبكات و لەو پێناوەشدا، سەركردایەتی هاوبەشی ڕاسپێردراو بڕگەكانی ڕێككەوتننامەكە جیبَەجی بكات.
مانگی ڕابردوو سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوە، كە بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە سەركردایەتی هاوبەش تاوتوێ ناوەڕۆكی ڕێككەوتنامەكەی كردبوو.
دوای كۆبوونەوەكەش ئەندامێكی شاندی گۆڕان كە بەشداری كۆبوونەوەكەی كردبوو ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكەیان بێ ئەنجام و خراپ بووە.