پاش ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی پارتی لەلایەن گۆڕانەوە پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت "چاوەڕوانی مژدە خۆشەکە بن"
دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە ڕەت کرایەوە پاتی بیر لە سیناریۆی تر دەکاتەوە.
لەوبارەیەوە عەباس غەزالی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، بە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی ڕاگەیاندووە "گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان لەو چوارچێوەیەدا".
سەبارەت بەکاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆتاییھاتنی ماوەکەی لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت "ڕاستە لەمانگی ئەیولی ئەمساڵ لەم ماوەیەدا تەشریعی پەرلەمان دەستپێدەکات، بەڵام ھەرکات داوای کۆبونەوە بکرێت سەرجەم پەرلەمانتارەکان ئامادە دەبن و دەتوانرێت کۆبونەوەیەکی نائاسایی بکرێت، بەڵام بەمەرجێک ڕێکەوتنی سیاسی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان کرابێت".
ئەو پەرلەمانتارە، جەختیشی لەسەر ھەڵوێستی حزبەکەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کردەوەو ڕایگەیاند داوادەکەین پەرلەمان کارا بکرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەھەر جۆرێک بێت بگەنە ڕێکەوتن.
عەباس غەزال ئاشکراشیکرد کە چاوەڕواندەکرێت بەمزوانە لەبارەی دۆخی ھەرێمەوە، ھەواڵی خۆش بدرێتە خەڵکی کوردستان و وەک مژدەیەک بێت بۆ ھەموو لایەک.