دەزگایەكی ئەمریكی چەند "نهێنیەكی" بارزانی سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاشكرادەكات

دەزگایەكی ئەمریكی ڕاپۆرتێكی لەسەر بارزانی بڵاوكردەوە كە تایبەتە بە كەمپینی ڕیفراندۆم و ئامانجەكانی بارزانی لەو ڕیفراندۆمەدا.

دەزگای ستراتفۆر كە دەزگایەكی هەواڵگری جیۆسیاسی ئەمریكییە، لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە بەشێوەیەك لەشێوەكان بارزانی كەمپینی ڕیفراندۆمی دەستپێكردووە بۆئەوەی كێشە جدییەكانی هەرێمی كوردستان لەبیری لایەن و پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بباتەوە.

دەزگا ئەمریكییەكە لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو كە بارزانی دەیەوێت لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە قسە لەسەر ماوەی نایاسایی مانەوەی لە پۆستەكەیدا نەكرێت و دەڵێـت "ئەوە ئامانجەكانی بارزانییە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، نەك بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ گەلەكەی".

دەزگاكە پێشبینی دەكات لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا، سەرەڕای هەموو فشار و ئەو تەنگژانەی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، بەڵام ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت و دەڵێت "خۆ ئەگەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە كوردستان سەركەوتووبێت، ئەوا دەبێتە پێشهاتێكی مێژوویی بۆ كورد لە وڵاتانی دیكەی دراوسێی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەربەخۆیی".

دەزگا ئەمریكییەكە پێشبینی ئەوەشدەكات بەهۆی ڕیفراندۆمەوە پێكدادان لەنێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت، بەتایبەت كە دەنگدانەكە لەلایەن بەغداوە ڕەت دەكرێتەوە و قبووڵ ناكرێت، یان بەشێوەیەك دەبێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت ئەنجامەكەی جێبەجێ بكات و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت.

دەزگا ئەمریكییەكە ئەوەی بڵاوكردووەتەوە، كە بەهۆی وەدەرنانی داعش لەناوچە كوردستانییەكان، لەئێستادا هێزە كوردیییەكان باس لە داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكەن، و هەر ئەمەش بوو وایكرد پرسی ڕیفراندۆم بێتەكایەوە. ڕیفراندۆمیش لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كە كەركوكیش دەگرێتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی كە زلهێزەكانی ناوچەكە هەوڵبدەن ڕێگری لێبكەن. دەزگا ئەمریكییەكە ئەوەی بڵاوكردووەتەوە كە لەئێستادا بەغدا فشارەكانی زیاتر كردووە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و پرسی نەوت بۆئەوەی هەرێم لە هەوڵەكانی بۆ ڕیفراندۆم پاشگەزبێتەوە. هەروەها توركیا و ئێرانیش هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ فشارخستنەسەر ئەو هێزە كوردییانەی كە لێیانەوە نزیكن بۆ ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

دەزگا ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەداوە، كە توركیا لەئێستادا دەیەوێت لەڕێگەی هەوڵەكانییەوە لە سوریا دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بگۆڕێت لەدوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ كۆتایی دێت. هەروەها توركیا لەڕێگەی فشاری زیاتر بۆسەر هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی تێكدەچێت. ستراتفۆر پێشبینی دەكات ئێران لەڕێگەی هاوپەیمانە عێراقیی و كوردەكانییەوە بەرژەوەندییەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان بپارێزێت و ڕێگری لە هەژموون و پلانەكانی توركیا بكات.

سەبارەت بە دۆخی عێراق لەدوای كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، ئەو دەزگا ئەمریكییە پێشبینی دەكات، لەداهاتوودا هێزە عێراقییەكان ڕووبكەنە ناوچەكانی شنگال و دوزخورماتوو بۆئەوەی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكەن. پێشبینیش دەكات لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا مشتومڕی زیاتر لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەو ناوچانە دروست ببێت.




PM:01:44:03/07/2017