وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لە وەڵامی ناڕەزایی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكاندا ئاشكرایدەكات لە وادەیەكی نزیكدا دەستكاری پاشەكەوتی موچەكانیان دەكرێت.
خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان كە پێش پاشەكەوتی موچە بۆ هەر مانگێك بڕی 150 هەزار دیناریان وەردەگرت لە ئێستادا و بەهۆی پاشەكەوتی موچەوە بڕی 60 بۆ 90 هەزار وەردەگرن، ئەمەش ناڕەزایی ئەو توێژەی لێكەوتۆتەوە و چەندینجار خۆپیشاندانیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە و وەك خۆیان دەڵێن "ستەمێكی گەورەیان لێكراوە".
لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە لە مانگی نۆی ئەمساڵدا گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەراندا بكرێت و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیش سەبارەت بە گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان ئاشكرایدەكات ئەگەر تا مانگی نۆی گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران نەكرێت ئەوان وەك وەزارەت گۆڕانكاری لە موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەكەن.
هەمزە مەغدید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ئەوەشی وتوە "ئەو لیژنانەی تایبەتن بەپشكنینی كەمئەندامان لەزۆربەی شارو شارۆچكەكاندا كارەكانیان كۆتایی هاتوەو ئێستاش كاری لیژنە پزیشكیەكان بۆ كەمئەندامان لەقەزای دەربەندیخان دەستیپێكردوە لەقەزای سۆرانیش پرۆسەكە لەقۆناغی كۆتاییدایە".
وتیشی "لەنێو دیوانی وەزارەتدا سەرقاڵی پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتین كە تێیدا سەرجەم ڕاپۆرتەكە پزیشكیەكان كۆدەكرێنەوە و دەخرێنە داتابەیسەوە و بەگوێرەی ڕێنماییەكان هەركەسێك وەك كەمئەندام ڕێنماییەكانی تێدا بەرجەستە بوو، ئەوا موچەی پێدەدرێت".