بەرپرسێكی پێشووی پارتی باس لە دۆخی ئێستای پارتی و چاكسازیەكانی بارزانی دەكات و دەڵێت "كاك مەسعوود وتی ئەگەر چاكسازی بكەم دەبێت پارتی هەڵبوەشێنمەوە".
فەرهاد عەونی، سەرنوسەری پێشووی ڕۆژنامەی برایەتی كە زمانحاڵی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بیرەوەریەكانی خۆی لە دوو بەرگی كتێبێكدا بە ناونیشانی "ڕۆژگارم ئاوا تێپەڕی" بڵاوكردۆتەوە و ڕۆژنامەی ئاوێنەش بەشێكی ئەو كتێبەكەی لە ژمارەی نوێی ئەم هەفتەیەدا بڵاوكردۆتەوە.
فەرهاد عەونی لە بیرەوەریەكانیدا ڕەخنە ئاڕاستەی سەركردایەتی پارتی دەكات و دەڵێت "هەندێك لەو ئەندام سەركردایەتیانەی ئەمڕۆ دەیبینن بریتیە لەوەی ماكینەیەكی گەورەی ماستاوت هەبێت و ڕۆژانە ماستاوچێتی بكەیت لەهەموو بارێكدا دەبێت ببیتە پیاوی یەكێك لە سەركردە دەستڕۆیشتوەكانی پارتی.
لەبارەی كەسایەتی مەسعوود بارزانیەوە، عەونی دەڵێت "كاك مەسعود پیاوێكی ڕاست و بێ فڕوێڵە، بەڵام چی بكات لە خەڵكانێك كە لە دەوری كۆبوونەتەوە بۆ مەرامی خۆیان سپی ڕەش دەكەن و پارتی بەرەو هەڵدێر دەبەن.
ناوبراو لەبارەی ئەو چاكسازیانەی كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا بارزانی بڕیاری لێدا دەڵێت "جارێك لە كۆبوونەوەی مەكتەبی ڕاگەیاندن لە بارزانیم پرسی ئەو چاكسازیانە جێبەجێ نەكران؟".
عەونی دەڵێت مەسعود بارزانی لە وەڵامدا پێیوتم "خۆ من نابم بە گۆرباچۆڤ حزبەكە هەڵوەشێنمەوە"، وەك ئەو باسی دەكات ناو مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی و دەوروبەری بارزانی ئەوەندە بەهێزە كە نەهێڵێ دەستكاری هیچ كام لەم ئیمتیازانە بكرێت.