سەرکردایەتیەكی یەکێتی: تا مەلا بەختیار لە پۆستەدا بێت یەكێتی بچوك دەبێتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە نامەیەکدا ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای حزبەکەی دەردەبڕێت و داوای لادانی مەلا بەختیار لە پۆستی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی حزبەکەی دەکات.

بەهرۆز گەڵاڵی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە نامەیەکدا کە ڕۆژی 9/7/2017 ئاراستەی چەند سەرکردەیەکی باڵای نێو باڵەکەی خۆی لە یەکێتی کردووە، ڕەخنەی لە بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین کەریم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گرتووە و داوای کردووە بە هەموویان هەوڵی ئەوە بدەن کە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح بگەڕێننەوە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ”لەگەڵ هێرۆ برایم ئەحمەد ڕێکیان بخەینەوە". باسیشی لەوە کردووە کە یەکێتی بەرگەی ”ئینشیقاقێکی دیکە" ناگرێت و ئەگەر ڕووبدات، هێندەی دیکە حزبەکە پەرش و بڵاو دەبێت.

 دەقی نامەكە كە باسنیوز بڵاویكردەوتەوە:
 
هەڤاڵان سلاو
ئەو جارەش کڵاویان خستەوە سەر سەری ئەندامانی سەرکردایەتی و بەشێک لە ئەندامانی م.س و بڕیارەکانی دوا کۆمیتەی سەرکردایەتییان هەمدیس بە بەرچاوی هەمووتان خستەوە ناو تەنەکەی زبڵ و هێواش هێواش بڕیاری ئەڵیەتی خۆیان بەسەر یەکێتی دەسەپێنن، من ڕاشکاوانە دەڵێم:
١- هەوڵدەین بە هەموومان بەرهەم بێنینەوە و لەگەڵ هێرۆخان ڕێکیان بخەینەوە. من خۆم بڕوام وایە یەکێتی تەحەمولی ئینشقاقێکی تر ناکات و خوا نەخواستە ئەمە ڕووبدات هەندەی تر یەکێتی پەرش و بڵاو دەبێت.
٢- تا مەلا بەختیار مەسولی دەستەی کارگێڕێ بێت! یەکێتیی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بچووکبوونەوە دەبات و ڕاوهەڵوێستی سەرکردایەتیش بێبایەختر دەکات و بەکەیفی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.
٣- ڕوون و ئاشکرایە چەند کەسێک لەناو م.س بە کەیفی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بڕیار دەدەن. تەنیا ڕێگا ئەوەیە زوو بەپەلە لە جیاتی ئیمزا و ئیمزا کۆکردنەوە، داوای گۆڕینی دەستەی کارگێڕی بکەن و مەلا بەختیار زوو لادەن و دەستەکە بگۆڕن. چونکە مەلا یەکێتیی ناو یەکێتی تێکداوە. ئەویتر هەرچی بکەن هەمووی ئاسنی سارد دەکوتن و هیچ فایدەی نیە و ماندووبوونێکی بەلاش دەکەن.
٤- ئەگەر بە تەنگ ئەو داواکارییەش! نەهاتن. فەرموون وەرن زۆرینەی سەرکردایەتی ئیستیقالە بکەن. ئەو کاتە ئەو مەکتەب سیاسییە شەرعییەتی بە تەواوی نامینێ و مەجبوور دەبن کۆنگرە بکەن. ئەگەر ئەوە نەکەین! بەردەوام یەکێتی بە ئیمتیازاتی ماددی و بەرژەوەندی شەخسی ڕادەکێشن بۆ چوارچێوەی سیاسەتی پارتی و ئیتر بە تەواوی سیاسەتێک نامینێ کە پێی بوترێ سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
من خۆم بەم سیاسەتەی ئێستای یەکێتی هیچ ڕازی نیم. وەزعی یەکێتی پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە.

بەهرۆز
9/7/2017




PM:08:48:10/07/2017