وەزارەتی دارایی بڕیاری دابەشکردنی مووچەکەی ئەم شوێنەی دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕیاریدا بە خەرجكردنی بڕی چوار ملیار و 100 ملیۆن دینار وەك دەرماڵەی هاندانی پزیشك و كارمەندانی میلاكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، کە ئەو دەرماڵەیە وەک مووچە دابەشدەکرێت.


ماڵپەڕی دواڕۆژ بڵاویکردووەتەوە بەپێی نووسراوی ژمارە (8920)ی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم كە واژۆی رابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی بە وەكالەتی بەسەرەوەیە و لە 13ی تەموزی 2017 دەرچووە و بڕیاردراوە بە خەرجكردنی بڕی چوار ملیار و 100 ملیۆن دیناری هاندانی كارمەندان و پزیشكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ مانگی شوباتی 2017".

ئەو ماڵپەڕە بڵاویشیکردەوە "لە بەشێكی نووسراوەكەدا، هاتووە ئەو پارەیە بۆ دیوانی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانە و مەڵبەندە 24 كاتژمێرییەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستییە و بە نەقدی بۆ هەر شارێك خەرجدەكرێت، بەمشێوەیە "هەولێر بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار، سلێمانی یەك ملیار و 250 ملیۆن دینار، دهۆك 850 ملیۆن دینار، گەرمیان 330 ملیۆن دنیار، راپەڕین 165 ملیۆن دینار, كۆیە 80 ملیۆن دینار و چەمچەماڵ 100 ملیۆن دینار".


ڕونیشیکردووەتەوە بەهۆی پاشەكەوتی موچە و قەیرانی دارایی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی بڕی چوار ملیار و 100 ملیۆن دینار بە كارمەند و پزیشكانی ئێشكگری و بەشەكانی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەكان دەدرێت، بەشێوەیەك بۆ پزیشكان بڕەكەی لەنێوان 300 تاكو 500 هەزار و بۆ كارمەندان لەنێوان 200 تاكو 300 هەزار دینارە.




PM:07:59:18/07/2017