وادەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند "لەھەفتەی داھاتوەوە دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکرێتەوە".

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە "بەھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ھەوڵەکانمان چڕکردۆتەوەو داوای زیادکردنی بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانیمان کرد، بەغداش ڕەزامەندی لەسەر داواکەمان نیشاندا".

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە"لەماوەی ڕابردودا ڕۆژانە تەنھا دوو تانکەر نەوت لەبەغداوە دەھات، بەڵام بەغدا بەڵێنیداوە لەسبەینێوە ڕۆژانە پێنج تانکەر نەوت ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی بکات".

ڕوونیشی کردووەتەوە لەھەفتەی داھاتوەوە دەستدەکرێتەوە بەدابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵاندا لەھەردوو قەزای دوکان و قەرەداغ و دوای تەواوبونی ئەو دوو قەزایەش، دابەشکردنی نەوت لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەکات.




PM:03:05:19/07/2017