یەکێتی بەیانێکی بێ نیشاندانی هەڵوێست دەرکرد
داوای کۆدەنگی نیشتمانی دەکات

مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوای سەردانەکەیان بۆ ئێران کۆدەبێتەوەو راگەیاندراوێکی تەمومژاوی بێ نیشاندانی هەڵوێست دەردەکات، هاوکات داوای کۆدەنگی نیشتمانی دەکات. 

دەقی راگەیاندراوەكە:

سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ (19/7/2017)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سلێمانی بەرێوەچوو.

 لەكۆبونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆبونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ‌ كرا، بڕیارو هەڵوێستی ئێران بەروونی خرایەروو، هەروەها بڕیارو هەڵوێستی یەكێتی و سەرجەم لایەنە كوردستانیەكانیش بۆ پەسەندی ریفراندۆم، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران باسكرا، هەروەك كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان و سەردانی وەفدی كۆمیتەی ریفراندۆم بەسەرۆكایەتی بەرێز مەسعود بارزانی بۆ برۆكسل، تێكرا هەڵسەنگێندران.

 دوای روونكردنەوەی ئەنجامی هەموو كۆبونەوەكان، مەكتەبی سیاسی بەبایەخەوە دوا هەواڵ و زانیاری و گۆڕانكارییەكانی تاوتوێ‌ كردو بڕیاری دا، بەزووترین كات وەفدی یەكێتی لەسەر ئەنجامی كۆبونەوەكان، بەتایبەتی كۆبونەوەو دیدارەكانی وەفدی یەكێتی لە ئێران، سەرلەنوێ‌ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان  كۆببێتەوە.

 مەكتەبی سیاسی جەختیشی كردەوە، پێویستە لەهەموو بڕیارەكاندا كۆدەنگی نیشتمانیی هەبێت.

كۆبونەوەكە، دوابڕیاری بۆ ئاسایی كردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەبێ‌ مەرج، بەهەوڵ و پەرۆشی هەموولایەك، بەتایبەتی یەكێتی، بەهەنگاوێكی گەورە زانی و ئومێدیشی خواست، دوای گەڵالەكردنی وردەكاری سیاسی چۆنێـتی ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان، كە لەخزمەتی یەكریزی نیشتمانی دا بێت، چیدیكە كات لەدەست نەدرێ‌ و وادەی ئاسایی كردنەوەكە بەمزوانە دیاری بكرێ‌.

هەروەها لەبەر باشتر راپەراندنی ئەركەكانی ریفراندۆم و تێگەیشتنی هەمەلایەنە تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بەتایبەتی بەغدا، مەكتەبی سیاسی بەپێویستی زانی  لەداهاتوویەكی نزیكدا، وەفدی هاوبەشی كوردستانی سەردانی بەغدا بكات، گرنگیشە لەم دۆخەدا وەفدی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش سەردانی توركیا بكات.  لەهەفتەی ئایندەشدا، وەفدی باڵای یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆدەبێتەوەو سەرەنجامی كۆبونەوەكان و دوا روداوەكان، دەبرێتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بۆ هەڵسەنگاندن و دوابڕیاردان.  



PM:09:40:19/07/2017