بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕایگەیاند کە
ئەمڕۆ دەرگای خۆ پاڵاوتنیان لە کاتژمێر ٩ەوە کردۆتەوەو تا ڕۆژی ٢٣ی مانگ
بەردەوام دەبێت و وتیشی تا ئێستا بە فەرمی کەس خۆی کاندید نەکردووە.
زمناکۆ جەلال، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، بە سپی میدیای ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ
دەرگای خۆ پاڵاوتنیان بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە و خانەی ڕاپەڕاندن
کردووەتەوە و ئەمڕۆش چەند کەسێکی کەم فۆڕمی خۆ کاندیدکردنیان وەگرتووە، بەڵام تا
کاتژمێر چواری ڕۆژی ٢٣مانگ ناتوانین بڵێین چەند کەس کاندیدە، چونکە ئەوەی کە فۆڕم
وەردەگرێت مەرج نییە خۆی کاندید بکات و تا فۆڕمەکە نەگەڕێتەوە، هیچ کەسێک بە
کاندید هەژمار ناکرێت".
ڕوونیشی کردەوە کە تا ئێستا هیچ کەسێک
فۆڕمەکەی نەگەڕاندووەتەوە و وتیشی کە ئەو کەسانەی مەرجەکانی خۆ کاندیدکردنیان
تێدایە دەتوانن لە ئەمڕۆەوە فۆڕم پڕبکەنەوە.
سپی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی کە
تا ئێستا قادر حاجی عەلی فۆڕمی خۆ کاندیدکردنی وەرنەگرتووە و هەندێک زانیاریش
ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ناوبراو خۆی کاندید ناکات.
بڕیارە ڕۆژی ٢٥ مانگ کۆبوونەوەی جڤاتی
نیشتیمانی بەڕێوەدەچێت و تێیدا بە دەنگدانی نهێنی و ئاشکرا، ڕێکخەری گشتی و خانەی
ڕاپەڕاندن کە لە حەوت کەس پێک دێت هەڵدەبژێردرێت.