دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە ناوچەكانی دەوروبەری سلێمانی بەردەوامە و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانیش لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "بەغدا بڕە نەوتی هەناردەكراو زیاد دەكات".
ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی تەمموز، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان لە سلێمانی بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە "دابەشكردنی سوتەمەنی ماڵان لەئێستادا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی كەمی نەوت ناتوانین پەلەبكەین لە دابەشكردندا".
ناوبراو وتوشیەتی "دابەشكردنەكە لە چەند ناوچەیەكی دەرەوەی سلێمانی بەردەوامە، پاش تەواوبونیشیان دەستدەكەین بە دابەشكردن لەناو شاردا".
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان ئاماژەی بەوەشدا "بڕی رۆژانەی ناردنی نەوت لە بەغداوە زیادبووە لە دوو تەنكەر بۆ پێنج تەنكەر بەمەش دەتوانین زیاتر دابەشبكەین، بەڵام ئەمەش هێشتا لە ئاستی پێویستدا نیە".
لەماوەی رابردوودا بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت، نرخی بەرمیلێك لە بازاڕدا لە 120 هەزار دیناردا مایەوە سەرەڕای وەرزی هاوین و گەرما، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەگەڵ بەردەوامی دابەشكردنی نەوت نرخەكەی لە بازاڕدا داببەزێت.